رووداو - لەندەن
بەریتانییەکان بۆ هەڵبژاردنی 73 کەس بۆ پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا دەنگیان دا، هەڵبژاردن وەک گشتپرسییەکی دیکە لێکدەدرێتەوە بۆ بڕیاردانی خەڵک لە مانەوە یان جیابونەوەی تەواو لە یەکێتی ئەوروپا.
جاک مەکۆنێڵ سەرۆکوەزیرانی پێشوی سکۆتلەند بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی گوت "بڕیاری ئەم هەڵبژاردنە شێتانەیە، پێویست بوو ئێستا لە ئەوروپا جیابینەوە نەوەک نوێنەری تازە هەڵبژێرین بۆ پەرلەمانی ئەوروپا".
بەشێک لە دەنگدەرەکان سەریان لێشیواوە، لە 2016 دا نزیکەی 52% بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا دەنگیان دا، ئەمڕۆش کە مانگێک ماوە بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، دیسان خەڵک چوونەوە سەر سندوقەکان، بۆ ئەوەی 73 نوێنەری خۆیان بنێرنە پەرلەمانی ئەوروپا، تاوەکو لە یەکێتی ئەوروپا دەنگی خەڵکی بەریتانیا بگەیێنن.
دەنگدەرێکیش باس لەوە دەکات "دەنگم دا، چاوەڕوانم هەموو ئەوروپییەکانی کە لێرە دەژین دژی برێکزیت دەنگبدەن".
لەبەریتانیا 45 ملیۆن و 775 هەزار و 800 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەران بۆ بەدەستهێنانی 73 کورسی دەنگدەدەن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لەکاتێکدایە فایلی برێکزیت بەئاڵۆزی ماوەتەوە و ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی تێریزا مەی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە ئارادایە.


