رووداو - واشنتن
نزیکەی 60 رۆژی ماوە بۆ گۆڕانی ئیدارە لە واشنتن، واتە کۆتاییهاتنی ئیدارەکەی جۆ بایدن و دەستبەکاربوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.
ترەمپ کە ئێستا سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایە، سەرقاڵی دیاریکردنی ئەندامانی کابینەکەیەتی، زۆربەی ئەندامانی کابینەکەی دیارکردووە، بەشێکی بۆچوونەکانیش لە واشنتن ئەوەن کە ترەمپ بێجگە لە ئەزموون و شارەزایی، پێوەری دڵسۆزی و هاوبۆچوونیی کردووەتە یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی دیاریکردنی ئەندامانی کابینەکەی و راوێژکارەکانی.
ساشا تۆپێریچ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی سەرکردایەتیی ترانسئەتلانتیک دەڵێت، "ئەو تێکەڵەیەکی لە خەڵکانێک دروستکردووە کە بەئەزموونن و لە سیستمەکە کاریان کردووە، هاوکات خەڵکانێکیش کە هەمان بۆچوونی ئەویان هەیە سەبارەت بە چاکسازی لە حکومەت و سیاسەتی نیشتمانی و کاروباری دەرەوە. ئەوەی ئێستاش دەیبینین شتێکی دەگمەنە لە مێژووی ئەمریکادا، یەکەمجارە لە مێژووی نوێدا، سەرۆکێک چوار ساڵ لە ئۆفیس بووە، بەر لەوەی خوولی دووەمی هەبێت."
لە کۆی 21 پۆستی باڵا، کە تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ دیاریکردوون، 11 پۆستیان پێویستیان بەوەیە بەربژێرەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکرێت و پەسند بکرێن، کە زیاتر پۆستە وەزارییەکان دەگرێتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند بەربژێرێکیان تێبینییان لەسەرە و بە ئەگەری زۆرەوە لە کۆنگرێس رووبەڕووی سەرئێشە دەبنەوە، لەنێویاندا مات گەیتز، بەربژێری وەزیری داد.
چاودێر و نووسەرێکی نزیک لە کۆمارییەکانیش بۆچوونی وایە، ئەو بەربژێرانەی ناویان دەهێندرێت و تێبینیی زۆریان لەسەرە، رەنگە بەر لەوەی بچنە بەردەم ئەنجوومەنی پیران و تووشی شەرمەزاری و رەتکردنەوە ببنەوە، خۆیان یانیش لەلایەن تیمی ترەمپەوە لە لیستەکە بکرێنە دەرەوە.
پیتەر رۆف، نووسەری نزیک لە کۆمارییەکان دەڵێت، "چەند بەربژێرێک هەن پێموایە دووچاری کێشە دەبنەوە، رەنگە ناوەکانیان بکشێننەوە نەک رووبەڕووی شەرمەزاری و رەتکردنەوە ببنەوە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە، بەڵام بەگشتی کۆنگرێس بڕیارەکە دەداتە سەرۆک بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کابینەکەی و نزیکترین راوێژکارەکانی، بەڵام پێویستیان بە پەسندکردنی کۆنگرێسە."
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا چاوەڕێ دەکات تاوەکو دەستبەکار دەبێت، واتە تاوەکو 20ی کانوونی دووەم ئەندامانی کابینەکەی لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کرابن، بەڵام زۆربەی جار ئەمە روونادات و ماوەکەی زیاتر دەبێت. وەکو نموونەش لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی دەستبەکاربوو، بەڵام لە کۆی 26 بەربژێر، کۆنگرێس تەنیا دوو کەسیانی پەسند کردبوو.
بەگشتی، کۆنگرێسی ئەمریکا و ئەنجوومەنی پیران، سەرۆکی ئەمریکا سەرپشک دەکەن لەوەی کێ دەکاتە ئەندامی کابینەکەی و راوێژکارە نزیکەکانی، زۆربەی کاتیش ئەگەر لە کاتی خۆیدا نەبێت، ئەو ناوانە پەسند دەکەن کە سەرۆک پێشکێشیان دەکات، بەڵام ئەو بەربژێرانەی کێشەی شیاوبوون یان کێشەی سلوکیان هەیە، دووچاری گرفتی گەورە و رەتکردنەوە دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ