سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی: بانگەوازی یەکگرتن بۆ پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان دەکەین

22-03-2025
پەیمان محەممەد
گوتاری شیفا بارزانی لە نەورۆزی کۆڵن
گوتاری شیفا بارزانی لە نەورۆزی کۆڵن
نیشانەکردن نەورۆزی کۆڵن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی لە ئاهەنگی نەورۆز لە کۆڵن رایگەیاند، تەنیا چارەسەر بۆ پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان رێگەی ئاشتییە. ئاماژە بەوەش کرد، لە ئاهەنگەکەدا "بانگەوازی یەکگرتن بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەین.''
 
ئەمڕۆ شەممە 22-03-2025، گەورەترین ئاهەنگی نەورۆزی دیاسپۆرای کوردی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی بە بەشداربووان گەیاند، "جەنابی سەرۆک، نەورۆز لە هەمووتان پیرۆز دەکات.''
 
شیفا بارزانی گوتی: ''سەرۆک بارزانی زۆر دڵخۆشە بەو گردبوونەوە گەورەیە لە کۆڵنی ئەڵمانیا و دڵخۆشیشە بە یەکگرتن، برایەتی و خۆشەویستیی نێوان کوردستانییان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.''
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامی نەورۆزدا رایگەیاند، بە گەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە رەوەندی كوردی و لەو ملیۆنان كوردە دەکەم كە بە هەستێكی بەرزەوە دوور لە خاكی نیشتیمان جەژنی نەورۆز بە بەرزی رادەگرن و بەهاكانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاودەكەنەوە.
 
سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی ئاماژەی بەوە دا، ''نەورۆز تەنیا جەژن نییە، بەڵکو واتای بەرخودان، خۆڕاگری و مانەوەیە؛ واتای سەرهەڵدان، زیندووبوونەوە، هیوا و گەشبینییە.''
 
ئاهەنگی نەورۆزی ئەم ساڵ لە کۆڵن لەژێر دروشمی ''شان بە شان، پێکەوە، یەکگرتن بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان'' بەڕێوەدەچێت. شیفا بارزانی دەڵێت: ''ئەمە پەیامێکی روونە بۆ هەر کوردێکی دڵسۆز کە لەم کاتەدا بەهێزتر لە جاران پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان بکات.''
 
نەورۆزی ئەم ساڵ لەکاتێکدا پیرۆز دەکرێت کە رۆژئاوای کوردستان لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم، بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.
 
سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەمڕۆ لێرە بانگەوازی یەکگرتن بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکەین، دەنگی خۆمان دەگەیێنینە وڵاتانی زلهێز بۆ ئەوەی مافی کوردستانییان لە دەستووری سووریای نوێدا بچەسپێندرێت.''
 
شیفا بارزانی گوتیشی: ''داوا لە جیهان دەکەین کوردستان و کوردستانییان لە جینۆساید و کۆمەڵکوژی بپارێزن و مافمان وەک گەلێکی رەسەنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدرێت، بۆ ئەوەی لەسەر خاکی خۆمان بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین.''
 
نەورۆزی ئەم ساڵ، لە چوار پارچەی کوردستان داوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ پرسی کورد دەکرێت. شیفا بارزانی گوتی، "داواکارین مافی بنچینەیی گەلی ئێمە لە دەستوور و یاسای هەر چوار وڵاتدا بچەسپێندرێت.''
 
سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی جەختی لەوە کردەوە کە مێژووی 100 ساڵی رابردوو ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە ستەم، ئەنفال، کیمیاباران و بەعەرەبکردن، بەفارسکردن و بە تورککردن، هەروەها نکۆڵیکردن ناتوانێت گەلی ئێمە لەنێوبەرێت، "بۆیە چارەسەر تەنیا ئاشتییە، قبووڵکردنە و داننانە بە مافی رەوای کورد."
 
ئاهەنگەکە لە کاژێر 14:30 بەکاتی هەولێر و 12:30 بەکاتی ناوەندی ئەورووپا بە فەرمی دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 21:00 بەکاتی هەولێر و 19:00 بەکاتی ناوەندی ئەورووپا بەردەوام دەبێت. 
 
ژمارەیەکی زۆر هونەرمەندی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری کۆڵن دەچنە سەر ستەیج و گۆرانی بۆ بەشدارانی ئاهەنگەکە دەڵێن، لەوانە: شڤان پەروەر، هانی موجتەهیدی، ئەیوب عەلی و نازدار جزیری.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆپێشاندان لەبەردەم لقێکی تێسلا

ئەمریکییەکان بە خۆپێشاندان لەبەردەم پێشانگەکانی تێسلا داوای دوورخستنەوەی مەسک دەکەن

خۆپێشاندانی هاووڵاتییانی ئەمریکا لەبەردەم پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی تێسلا لە سەرانسەری ئەمریکا بەردەوامە. سەدان خۆپێشاندەر داوا دەکەن ملیاردێر ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا لە حکومەت دووربخرێتەوە