وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ ئێران و هێزە نزیکەکانی: خۆتان فڕێمەدەنە نێو ئاشی تیرۆرەوە

21-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئەڵمانیا شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیلەوە هۆشداری لە مەترسیی تەشەنەکردنی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل دەدات و دەڵێت، پێویستە ئێران، حزبوڵای لوبنانی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حوسییەکانی یەمەن "خۆیان فڕێنەدەنە نێو ئاشی تیرۆرەوە."
 
رۆژی هەیینی، دوای سەردانەکەی بۆ ئوردن، بێربۆک سەردانی ئیسرائیلی کرد، ئەوە دووەم جارە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە سەردانی ئیسرائیل بکات. هەروەها دواتر سەردانی لوبنانی کرد و بڕیارە سەردانی میسریش بکات بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکانی رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێ و دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە. 
 
خانمە وەزیرەکە گوتی "دەتوانین رێگری لە کارەسات بکەین." ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆبوونەوەیەکی داهاتووی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە کە لە میسر دەکرێت. 
 
بێربۆک گوتی "پێویستە حزبوڵا نەخزێتە نێو ئەم ململانێیەوە." هۆشداریشی بە ئێران، گرووپە چەکدارە شيعەکانی عێراق و حوسییەکانی یەمەن دا کە خۆیان "فڕێنەدەنە نێو ئاشی تیرۆرەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها ئاماژەی بە نەهامەتیی خەڵکی غەززە کرد، کە لە دوای شەڕەکەوە کەوتوونەتە ژێر گەمارۆ و بۆردوومانی توندی ئیسرائیلەوە. 
 
بەگوتەی بێربۆک، ئەو دۆخەی لە غەززە دروستبووە، دەبێتە هاندانێک بۆ "دروستبوونی تیرۆر" و، مەترسی بۆ سەر ئاشبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل. 
 
بێربۆک رۆژی پێنجشەممە لە ئوردن رایگەیاند، 50 ملیۆن یۆرۆ (52.9 ملیۆن دۆلار) بۆ یارمەتیدانی خەڵکی سڤیلی کەرتی غەززە تەرخاندەکەن و تیمی تەندروستی دەنێرنە کەرتەکە، کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، ئامانجی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە، دەربڕینی "هاوسۆزیی پۆڵایینە" بۆ ئیسرائیل و مسۆگەرکردنی گەیشتنی یارمەتی مرۆیی بووە بە غەززە. 
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە و شەڕەکە دەستیپێکرد. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو ئێستا هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن، هەروەها بە گوتەی سوپاکە، 199 کەس لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون. 
 
لە دوای ئەو هێرشە، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕی سەر غەززە کرد، تاوەکو ئێستا بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 4 هەزار و 137 کەس کە هەزار و 661 ـیان منداڵ و 42 کەسیان کارمەندی تەندروستین. 
 
هەروەها بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی دانپێدانراوی فەلەستین، لە کەرتی رۆژئاواش 81 کەس بە دەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون کە 20ـیان منداڵن. 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.