سوێد ئەندامانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغداوە دەگوازێتەوە ستۆکهۆڵم

21-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیاکانی سوێد لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان رایانگەیاند کە سوێد بەشێوەیەکی کاتی بە هۆکاری "ئەمنی" باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا دادەخات و باڵیۆزخانەکە کارەکانی لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەبات.
 
ئەمڕۆ هەینی، 21ـی تەممووزی 2023، بەشی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوێکدا، گواستنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغداوە بۆ ستۆکهۆڵم راگەیاند و گوتی، "ئاسایش کاری لەپێشینەمانە؛ هەموو کارمەندانی باڵیۆزخانەکە گەیشتوونەتە سوێد." 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، تۆبیاس بیڵستۆرم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کرد لە بەغدا و رایگەیاند، "ئەوەی روویدا جێگەی قبووڵ نییە و حکومەت بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات."
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-7-2023، سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای سووکایەتیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت. ئەمەش کاردانەوەی عێراقییەکانی لێکەوتەوە و لە خۆپێشاندانێکدا کە لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رێکخرابوو، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و ئاگریان تێبەردا.
 
لە کاردانەوەی ئەو کارەی سەلوان مۆمیکا و رێگەپێدانی حکومەتی سوێد بە کارەکە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد، هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بکشێنێتەوە. هەروەک داوای لە باڵیۆزی سوێد کرد خاکی عێراق بەجێبهێڵێت.
 
رووداوەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و هەریەکە لە ئێران، سعودیە، ئەمریکا، ئەڵمانیا، سوێد و چەندین وڵاتێکی دیکەی ئیسلامی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزیان کرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی دیاری کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن گوتی، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەکەین؛ تووندوتیژی و پێشێلکاری لە هیچ شوێنێک جێگەی نابێتەوە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە