سووتاندنی قورئان لە سوێد پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاڵۆزتر دەکات

21-01-2023
کۆشش بێستانسووری
راسموس پالودان پێش سووتاندنی قورئان لەبەردەم بالیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم. وێنە: AFP
راسموس پالودان پێش سووتاندنی قورئان لەبەردەم بالیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سووتاندنی قورئان لەلایەن سیاسییەکی سوێدی-دانیمارکییەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم، ناڕەزایی تووندی تورکیای لێکەوتەوە و دەڵێت، "قبووڵکراو نییە." سعودیەش بە "تووندی" سەرکۆنەی ئەو کارەی کردووە.
 
رۆژی هەینی 20-01-2023 لە خۆپێشاندانێکدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، راسموس پالودان، کەسایەتیی سیاسیی راستڕەوی تووندئاژۆی سوێدی-دانیمارکی کۆپییەک لە قورئان سووتاند، ئەوەش ناڕەزایی تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا؛ ئەمە لەکاتێکدایە کە سوێد دەیەوێت ببێتە ئەندامی ناتۆ و مەرجەکانی تورکیا بووەتە رێگر لە بەردەمی.
 
تورکیا پێشتر داوای لە سوێد کردبوو کە خۆپێشاندانەکە رابگرێت، بەڵام ئەو کارەی نەکرد و تورکیاش لە بەرامبەردا سەردانی پاڵ جۆنسۆن، وەزیری بەرگریی سوێدی بۆ وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، سەردانەکە "گرنگی و مانای لەدەستداوە."
 
هاوکات تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد ئەو کارەی بە "ترسناک" ناوبردووە و دەشڵێت، "سوێد خاوەنی ئازادیی رادەربڕینە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە حکومەتی سوێد یان خودی خۆم پاڵپشتی ئەو بۆچوونانە بین."
 
ئەوە یەکەم جار نییە راسموس پالودان ئەو کارە دەکات، بەڵکو لە ساڵانی پێشوودا کاری هاوشێوەی کردووە و ناڕەزایی موسڵمانانی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا جگە لە سەرکۆنەکردنی ئەو کارە، بە "تاوانی رق و کینە" ناوی بردووە و دەشڵێت، "رێگەدان بەم کارە سەرەڕای هەموو هۆشدارییەکانی ئێمە، هاندانی تاوانی رق و کینە و ئیسلامۆفۆبیایە." هەروەها دەشڵێت، "هێرشکردنە سەر بەها پیرۆزەکان ئازادی نییە و وەحشیگەریی مۆدێرنە." جگە لەوەش ئەنقەرە لە یەک رۆژدا دوو جار باڵیۆزی سوێدی لە وڵاتەکەی لەسەر ئەو کارە بانگکردووە و ناڕەزایی پێگەیاندووە.
 
لەلایەکی دیکەوە سعودیە بە "تووندی" سەرکۆنەی دەسەڵاتی سوێد دەکات کە رێگەیان بە "تووندڕۆکان" داوە قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم بسووتێنن.
 
پاڵ جۆنسۆن، وەزیری بەرگریی سوێد دوای ئەوەی لەلایەن تورکیاوە سەردانەکەی هەڵوەشێندرایەوە ئاماژەی بەوە کرد، "پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا زۆر گرنگن بۆ سوێد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە