چەندین جۆر نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە بڵاوبووەتەوە؛ 'چارەسەر ئەگەر هەشبێت زۆر گرانە"

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سالم
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حاجی فاتیمە، بە ترس و دڵەڕاوکێوە باسی دۆخی تەندروستیی نەوەکەی دەکات، کە لە ئەنجامی ئەو بەدخۆراکییەی لەنێو منداڵانی ناو کەمپی ئاوارەکانی غەززە بڵاوبووەتەوە؛ تووشی نەخۆشییەکی پێست بووە.
 
تەنیا نەوەکەی فاتیمە نییە، کە تووشی ئەم نەخۆشییە بووبێت، بەڵکو زیاتر لە 150 هەزار منداڵی غەززە بەدەست هەمان نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
 
فاتیمە ئەبو عومەرەین، بە رووداوی گوت "چەندین نەخۆشی لەنێو منداڵانماندا بڵاوبووەتەوە، مەبەستیشم هەموو جۆرە نەخۆشییەکە، وەکو دروستبوونی زیپکە و دومەڵ لە سەریان کە چارەسەرمان دەستناکەوێت، ئەگەر هەشبێت زۆر گرانە. هەروەها نەخۆشیی گواستراوەی جگەر ئەوەش زۆر بەربڵاوە لەنێویاندا، کە زۆرجار داوای خواردنێکی دیاریکراومان لێدەکەن و ئێمەش ناتوانین پەیدای بکەین، خۆ ئەگەر پەیداش بکرێت نرخەکەی زۆر گرانە."
 
منداڵێکی دیکەی ئاوارە، کە باوکی قسە بۆ رووداو دەکات تەنیا بەدەست نەخۆشیی پێستەوە گیرۆدە نەبووە، بەڵکو بەدخۆراکیش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەجێهێشتووە.
 
ئەکرەم هێجی گوتی "بەهۆی شەڕ و پیسبوونی کەش و ژینگەی ناوچەکە، کچەکەمان تووشی نەخۆشیی پێست بووە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر تەندروستیی، جگەلەوەی کچەکەم بەدەست بەدخۆراکیشەوە دەناڵێنێت، کە بەتەواوی هەموو جەستەی لاواز کردووە، ئەمەش هەموو بەهۆی شەڕ و دەرئەنجامەکانییەتی."
 
ئاوارەکان باس لە بوونی چەندین جۆر نەخۆشی جیاواز لەنێو منداڵەکانیان دەکەن و دەڵێن: دەرمانی پێویستیان بەدەست ناکەوێت بۆ چارەسەرکردنیان.
 
حاجی عاتیف ئەبو عومەرەین، ئاوارەیەکی دیکەیە و گوتی "ئێمە وەکو پیر و پەککەوتەکان بەدەست مێروو و مێشوولەوە گیرۆدەبووین، کە تووشی نەخۆشیش دەبین، کاتێکی زۆرمان پێویستە تاوەکو باش دەبین، ژینگەی دەوروبەرمان هەمووی پیس بووە، ئەو شۆفێرانە رۆنی چێشت لە جێی سووتەمەنی بەکاردەهێنن کە ئەوەش مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیمان دروست دەکات.''
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی نەخۆشیی لە کەمپی ئاوارەکان دەدات، بەتایبەتیش لەنێوان منداڵان و ئەوانەی لە ژینگەی زۆر پیسبوودا دەژین.
 
ئەو شەڕەی لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، مەینەتییەکی گەورەی تووشی خەڵکی غەززە کردووە، منداڵانیش قوربانی یەکەمی ئەو شەڕەن و خەریکە نەخۆشیش قڕیان دەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە