رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە 2023.3.21، كاژێر 12:24ی دوای نیوەی شەو بە كاتی هەولێر، زەوی دەگاتە یەكێ لە خاڵە ناودارەكانی خۆی لە كاروانی دوور و درێژی خولانەوەی بەدەوری خۆردا، ئەویش خاڵی هاوسەنگبوونی بەهاریی Vernal Equinoxـە كە لە هەمان كاتدا مانای نیمچە یەكسان بوونی تەواوی ماوەی نێوان شەو و رۆژە بۆ 12 بە 12 كاژێر.
لەكاتی خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا، سێ خاڵ دروست دەكات کە ئەمانەن:
- نزیكترین خاڵ، كە دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باكوور و دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باشوور.
- دوورترین خاڵ، كە دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باكوور و دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باشوور.
- دووریی مامناوەند، كە لە نیوەگۆی باكوور دەستپێكی بەهارە و لە نیوەگۆی باشووریش دەستپێكی پاییزە.
بە پێوانە فەلەكییەكان، ماوەی نێوان خۆر و زەوی لە كاتی گەیشتنی بە (دووریی مامناوەند) دەگاتە 149 ملیۆن و 598 هەزار و 23 كیلۆمەتر.
هاوسەنگبوونی بەهاریی یان (Vernal Equinox) لە 20 یان 21 یان بە دەگمەن لە 22ی ئاداری هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، تیشكی خۆر تێیدا بە شێوەیەكی 100% دەكەوێتە سەر (هێڵی یەكسانیی)، چونكە بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی 23 پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لار دەبێتەوە و بەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی باكوور و باشووردا ستوون دەبێت، بەمەش پلەكانی گەرما دەگۆڕێت و ماوەی شەو و رۆژ درێژبوونەوە و كورتبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.

لە نیوەگۆی باكووردا، وەرزی بەهار دەستپێدەكات و لە هەمان كاتدا یەكسانبوونی پاییزی، لە نیوەگۆی باشوور دەستپێدەكات، واتە لە وڵاتانی باشووری هێڵی كەمەری زەوی دەستپێكی پاییزە.
لە 21ی ئاداردا، خۆر رێك لەسەر خاڵی جوگرافیی 90 پلەی رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، كە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بەشێوەیەكی زۆر ورد ئاراستەی رۆژهەڵات دەستنیشان بكەن، كە لەهەمان كاتدا لە هەمان خاڵی رۆژئاواشدا ئاوا دەبێت و هەمان سوودی هەیە بۆ دۆزینەوەی وردی ئاراستەی رۆژئاوا.
لەناوچە جەمسەرییەكانی باكووری زەوی، رۆژێكی دوور و درێژ دەستپێدەكات كە 6 مانگ دەخایێنێت، واتە لە دوای 2023.3.21دا خۆر لە ئاسۆی ئەو ناوچانەدا ئاوا نابێت تا مانگی ئەیلوولی داهاتوو، بەڵام بۆ جەمسەری باشوور شەوێكی دوور و درێژی شەش مانگیی دەستپێدەكات تا مانگی ئەیلوول خۆر لە ئاسمانی ئەو ناوچانەشدا نابینرێت.
بۆ کوردستان و بەشێكی زۆری دیكەی نەتەوەكانی جیهان، بەجیاوازیی كولتوور و داب و نەریتەكانیان، لە رۆژی 21ی ئاداری هەموو ساڵێك دەبێتە ئاهەنگی دەستپێكی وەرزی بەهار کە لە کوردستان بە نەورۆز ناسراوە.



