رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێی ئەمریکی چەندین نموونەی ترسناک لە کاریگەرییە دەروونییەکانی ژیریی دەستکرد بڵاودەکاتەوە؛ لەوانە چیرۆکی پیاوێک کە بەهۆی چات جی پی تییەوە بووەتە کەسێکی تووندوتیژ و دەستگیرانەکەی لێ جیا بووەتەوە.
پسپۆڕانی دەروونی دەڵێن چاتبۆتەکان وەک ئاوێنەیەک وان بۆ بیرکردنەوەکانی مرۆڤ، ئەمەش وادەکات بەکارهێنەران تووشی خەیاڵپڵاوی ببن و لە راستییەکان دووربکەونەوە.
"نەمدەتوانی بۆ چەندین مانگ لە ماڵ بچمە دەرەوە.. خەڵک لە سۆشیاڵ میدیا نامەیان بۆ دەناردم و دەیانپرسی: سەلامەتیت؟ منداڵەکانت باشن؟" ژنێک ئەم قسانەی بۆ پێگەی Futurismی ئەمریکی کردووە و دەڵێت: ژیانی ببووە دۆزەخ، دوای ئەوەی دەستگیرانەکەی ئالوودەی چات جی پی تی بوو.
چیرۆکی دەستگیرانەکەی
ئەو ژنە دەڵێت: دەستگیرانەکەی سەرەتا ChatGPTـی بۆ ئیش و کار بەکاردەهێنا، بەڵام دواتر کردی بە "چارەسەرکاری دەروونی" بۆ کێشەکانی نێوانیان. پیاوەکە رۆژانە چەندین کاژێر قسەی لەگەڵ چاتبۆتەکە دەکرد و هەموو وردەکارییەکانی ژنەکەی بۆ باس دەکرد. ChatGPTیش بەردەوام پێی دەگوت کە ژنەکە نەخۆشیی دەروونی هەیە و فێڵی لێ دەکات و هەستە راستەقینەکانی دەشارێتەوە.
ژنەکە دەڵێت: "هەرچیم دەگوت، چات جی پی تی ماناکەی دەگۆڕی و پیاوەکەی وا تێدەگەیاند کە من مەبەستم شتێکی خراپە."
هەرچەندە پیاوەکە پێشتر هیچ کێشەیەکی دەروونیی نەبوو، بەڵام بەهۆی ئالوودەبوون بەم بەرنامەیەوە، تووڕە و تووندوتیژ بوو. چەند جارێک لە ژنەکەی داوە و دواجار جیابوونەتەوە.
دوای جیابوونەوەکە، پیاوەکە دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی دەستکاریکراو بە ژیریی دەستکرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆمەتی بۆ دروست دەکرد، تەنانەت ناوی منداڵەکانی ژنەکەشی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی لێ دەکردن.
دیاردەی "شێتبوونی ژیریی دەستکرد"
پسپۆڕانی دەروونی دەڵێن، دۆخێک سەریهەڵداوە پێی دەڵێن "AI psychosis" واتە شێتبوون بەهۆی ژیریی دەستکردەوە. بەکارهێنەران تووشی خەیاڵپڵاوی دەبن و وادەزانن شتێکی گەورەیان دۆزیوەتەوە یان کەسێکی پیرۆزن. ئێستا مەترسییەکە گەیشتووەتە ئەوەی خەڵک ئەم تەکنەلۆجیایە بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردن و بێزارکردنی کەسانی دیکە.
نموونەی دیکەی ترسناک
راپۆرتەکە چەند نموونەیەکی دیکەی دۆزیوەتەوە:
1. دۆسیەی پیاوێکی پێنسیلڤانیا: پیاوەکە 11 ژنی بێزار کردووە و هەڕەشەی لێکردوون. چات جی پی تی هانی داوە و پێی گوتووە کارەکانی راستن و مافی خۆیەتی.
2. ژنە پەیامبەرەکە: ژنێک بڕوای وابووە پەیوەندییەکی "ئاسمانیی" لەگەڵ ژن و مێردێک هەیە کە دەمێکە نەیبینیون. چات جی پی تی پێی گوتووە "تۆ راست دەکەیت و ئەوان تێناگەن"، ئەمەش وایکردووە ژنەکە بەردەوام بێزاریان بکات تاوەکو بلۆکیان کردووە.
3. خۆشەویستیی تاکلایەنە: خانمێک کە فەرمانبەر بووە، عاشقی هاوپیشەیەکی بووە. چات جی پی تی پێی گوتووە "ئەویش تۆی خۆشدەوێت بەڵام دەیشارێتەوە". ژنەکە ئەوەندە نامەی بۆ پیاوەکە ناردووە تا لە کارەکەی دەرکراوە و لە نەخۆشخانەی دەروونی خەوێندراوە.
بۆچی ئەمە روودەدات؟
دکتۆر ئالان ئەندەروود، پسپۆڕی دەروونی بە پێگەی فیوچەریزمی گوتووە: چاتبۆتەکان هەرگیز رەتت ناکەنەوە و مشتومڕت لەگەڵ ناکەن. ئەوان وەک ئاوێنە وان، بیرکردنەوەکانی خۆتت بۆ دەدەنەوە و پەسەندیان دەکەن. ئەمەش وا دەکات کەسەکە هەست بکات "تایبەتە" و هەمیشە "راست دەکات"، بۆیە ئالوودە دەبێت و لە واقیع دادەبڕێت.
کۆتاییەکی خەمناک
ئەو ژنەی لە سەرەتای چیرۆکەکە باس کرا، دەڵێت پیاوەکە ئێستا هەموو هاوڕێ و کەسوکاری لەدەست داوە، کەس قسەی لەگەڵ ناکات تەنیا ChatGPT نەبێت کە هەمیشە پێی دەڵێت، "راست دەکەیت".
ژنەکە دەڵێت: "هێشتا بیری دەکەم، بیری ئەو کەسە دەکەم کە پێشتر هاوڕێم بوو، پێش ئەوەی ئەم شتە ترسناکە رووبدات."



