جیهان
کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ئیلۆن مەسک سەرمایەدار و خاوەنی کۆمپانیای تێسلا، لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا ئەردۆغان داوای لە مەسک کردووە کارگەیەکی تێسلا کە تایبەتە بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لە تورکیا بکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە 17ی ئەیلوول، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە یەکەم کۆبوونەوەی پێش بەشداریکردنی لە 78مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بڕیارە لە رۆژی سێشەممە 19ی ئەیلوول لەو شارە دەستپێبکات، لەگەڵ ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ناسراو و خاوەنی کۆمپانیاکانی تێسلا کۆبووەوە، بە مەبەستی رازیکردنی تاوەکو کارگەیەکی ئەو کۆمپانیایە لە تورکیا بکاتەوە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، مەسک لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان کە لە باڵەخانەی ماڵی تورکی لە نیویۆرک بووە، پێی رایگەیاندووە، لەمێژە چەند کۆمپانیایەکی تورکی لەگەڵ تێسلا کار دەکەن و ئەو وڵاتەش یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکان، تاوەکو تێسلا کارگەی نوێی کۆمپانیاکەی بکاتەوە؛ بەڵام تائێستا کۆمپانیای تێسلا هیچ لێدوانێکی لەبارەی وردەکاریی کۆبوونەوەی مەسک و ئەردۆغان بڵاونەکردووەتەوە.
هەروەها ئەردۆغان بە مەسکی راگەیاندووە، "وڵاتەکەی ئامادەیە هاوئاهەنگییان لەگەڵ بکات لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد و خزمەتگوزاریی هێڵی ئینتەرنێتی ستارلینک." لە بەرامبەردا مەسک رایگەیاندووە، "ئەوان خوازیارن لە تورکیا کار بکەن و مۆڵەت بە کۆمپانیای سپەیس ئێکس بدرێت، تاوەکو خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک لە تورکیا بەردەست بێت."
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەردۆغان، مەسکی بۆ تورکیا بانگهێشت کردووە تاوەکو بەشداری لە فێستیڤاڵی تەکنەلۆژیای تورکیا بکات، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لە شاری ئیزمیر بەڕێوەبچێت و میدیای فەرمیی تورکیاش بڵاویانکردووەتەوە، مەسک لە وەڵامی بانگهێشتەکەی سەرۆککۆماری تورکیادا رایگەیاندووە، "بە خۆشحاڵییەوە حەز دەکات بەشداربێت."
مەسک کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسە، کە لە رابردوودا بە تویتەر ناسرابوو، لە ئێکسێکدا نووسیویەتی، "رۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوول، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان تایبەت دەبێت بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد."
لە مانگی ئابی رابردوودا، کۆمپانیای تێسلا رایگەیاند، دەیانەوێت کارگەیەک لە هیندستان بکەنەوە، کە تایبەت دەبێت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، کە بەگوێرەی دۆخی ئابووریی خەڵکی وڵاتەکە دەبێت و خەرجییەکانی کەم دەبن.
کۆمپانیای تێسلا شەش کارگەی هەیە و ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی حەوتەمیانە لە مەکسیک، ئەمەش وەکو هەوڵێکی ئەو کۆمپانیایە تاوەکو پێگەی لە سەرانسەری جیهان فراوانتر بکات.
لە مانگی ئاداری رابردوودا، مەسک رایگەیاند، "تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، شوێنی کارگەی داهاتووی تێسلا ئاشکرا دەکات."
ئەمساڵ رێژەی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە 123% بەرز بووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی شەممە 16ی ئەیلوول، کۆمپانیاکە رایگەیاند، "ملیۆنەیەمین ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ