گالەری

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
17 Photos
تەنیا ئەحمەد
رووداو  دیجیتاڵ

حکومەتی یۆنان ناوچەیەکی گەشتیاریی زۆر گرنگی پایتەختەکەی بەڕووی گەشتیاراندا دادەخات، هۆکارەکەش گەرمای بەتینە. حکومەت داوای لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە کردووە بە بەردەوامیی فێنککەرەوە بۆ خەڵکی پیادە هەڵبکەن.
 
رۆژی چوارشەممە (17-07-2024) وەزارەتی رۆشنبیری و کولتووری یۆنان بڕیاری دا "بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما، ناوچەی گەشتیاریی ئەکرۆپۆلیس بەڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت."
 
ئەکرۆپۆلیس دەکەوێتە باکووری شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان، ناوچەکە لە گردێک دەچێت و چەندین پاشماوەی کۆن و دێرینی تەلارسازیی یۆنانی تێدایە. 
 
پەرستگەی پارسێنۆن یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە قەرەباڵخەکانی گردی ئەکرۆپۆلیس. ئەکرۆپۆلیس لە لیستی میراتیی یونسکۆ دایە و ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن گەشتیار رووی تێدەکەن.
 
وەزارەتەکە ئاگاداری هاووڵاتییانی کردووەتەوە؛ شەپۆلێکی گەرما باشووری ئەورووپای گرتووەتەوە، کە یۆنانیش دەگرێتەوە. شارەزایانی کەشناسیی ئەو وڵاتەش دەڵێن، بارستە هەوایەکی گەرم لە ئەفریقاوە رووی لە ئەورووپا کردووە، بەشێکی زۆری بە یۆنان کەوتووە و تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت. 
 
شارەزایانی کەشناسیی یۆنان دەڵێن، رۆژی پێنجشەممە بەهێزترینی شەپۆلەکە روو لە یۆنان دەکات و پێشبینیی دەکرێت پلەی گەرما بگاتە 43 پلەی سیلیزی. وەزارەتی رۆشنبیری و کولتووری یۆنان رایگەیاند "لە ئەگەری دابەزینی پلەی گەرما و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، ناوچە گەشتیارییەکە دەکرێتەوە."
 
چەند شارەوانییەکی ئەسینا داوایان لە شوێنە گشتییەکان کردووە بە بەردەوامی فێنککەرەوە بۆ خەڵک هەڵبکەن و هۆشداریشی داوەتە خەڵک لە گەرمترین کاژێرەکانی رۆژ خۆیان لە بەرکەوتن بە خۆر بەدوور بگرن. 
 
پێش ئاگادارییەکەی وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتیارێکی زۆر لە بەیانیی زووەوە لە بەردەم ئەکرۆپۆلیس ریزیان گرتبوو، لەلایەکی دیکە رێکخراوی خاچی سووری یۆنانی ئاوی سارد و ئاگادارینامەی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد. 
 
تۆبی دەنلاپ، گەشتیارێکە و لە ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکاوە چووتە یۆنان، گوتی: "چووینە سەرەوە و زوو گەڕاینەوە؛ ئێستاش بەنیازین بچینە شوێنێک و هەندێک لەبەر فێنککەرەوە بین. بەڕاستی یۆنان گەرمە، ئەگەر بەبێ خۆ ئامادەکردن بێیت، ئارەقەیەکی زۆر دەکەیتەوە."
 
جۆردن لیلی، گەشتیارێکی دیکەیە کە لە نیو کاسڵی بەریتانیاوە سەردانی ئەسینای کردووە، گوتی "10 خولەک لە ریز وەستام بۆ ئەوەی بگەمە سەرەوە، بەڵام یەکسەر هەستم بە گەرمایەکی زۆر کرد."
 
وێنەکان: AFP