لە چین مۆڵێک ئاگری گرت و شەش کەس گیانیان لەدەستدا

17-07-2024
تەنیا ئەحمەد
مۆڵەکە 14 قاتە و چوار قاتی ئاگری گرتووە
مۆڵەکە 14 قاتە و چوار قاتی ئاگری گرتووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چین مۆڵێکی 14 نهۆمی ئاگری گرت و بەهۆیەوە شەش کەس، کە لە ژوورەوە گیریان خواردبوو، گیانیان لەدەستدا. فریاگوزاریی ناوچەکە دەڵێت ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.
 
رۆژی چوارشەممە 17-07-2024، ئاگر لە مۆڵێکی شاری زیگۆنگ لە باشووری رۆژئاوای چین کەوتەوە. لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا چەندین کەس بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لە ژوورەوە گیریان خواردبوو، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە تاوەکو ئێستا توانیویانە تەرمی شەش کەس دەربهێنن و 30 کەسیش کە گیریان خواردبوو، رزگار بکەن.
 
میدیای چین رایگەیاند "مۆڵەکە دەکەوێتە شاری زیگۆنگ کە سەر بە پارێزگەی سیچوانە. مۆڵەکە 14 قاتە و چوار قاتی ئاگری گرتووە."
 
فەرمانگەی فریاگوزاریی شاری زیگۆنگ رایگەیاند "لەگەڵ گەیشتنی هەواڵی ئاگرەکە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دوای دوو کاژێر، ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا."
 
شاری زیگۆنگ 1900 کیلۆمەتر لە شاری بێیجینگـی پایتەختی چین دوورە و 2.5 ملیۆن کەسی لێ دەژی.
 
رووداوی ئاگرکەوتنەوە، بەهۆی کەمتەرخەمیی لە رێکارەکانی خۆپارێزی، لە چین زۆرن. لە مانگی یەکی ئەمساڵ لە شاری (شینیو) لە نێوەڕاستی چین ئاگر لە باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەوە و نزیکەی 15 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا. 
 
چەند رۆژێک بەر لەو رووداوە، لە پارێزگەی هێنان لە نێوەڕاستی وڵاتەکە، قوتابخانەیەک ئاگری گرت و بەهۆیەوە 13 منداڵ گیانیان لەدەستدا. لەکاتی ئاگرەکە منداڵەکان لە بەشی ناوخۆیی قوتابخانەکە خەوتبوون.
 
لە مانگی نیسانی پاریش، ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی شاری بێیجینگ کەوتەوە و بەهۆیەوە 29 کەس گیانیان لەدەستدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: بە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی ئازەربایجان زۆر خەمبار بووم

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "زۆر خەمباربووم بە رووداوی تراجیدیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەرباجیان لە کازاغستان، هاوخەمم و نزا بۆ ئەوانە دەکەم کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە کاریگەر بوون."