15 وڵاتی ئەورووپا هاوشێوەی بەریتانیا دەیانەوێت کۆچبەران رەوانەی وڵاتی سێیەم بکەن

17-05-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
لەگەڵ زیادبوونی شەپۆلی کۆچبەران، یەکێتیی ئەورووپا بەدوای رێگەچارەیەکی درێژخایەندا دەگەڕێت بۆ ئەو قەیرانەی هەموو ئەورووپای گرتووەتەوە.
لەگەڵ زیادبوونی شەپۆلی کۆچبەران، یەکێتیی ئەورووپا بەدوای رێگەچارەیەکی درێژخایەندا دەگەڕێت بۆ ئەو قەیرانەی هەموو ئەورووپای گرتووەتەوە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژانە کۆچبەری زیاتر دەگەنە دوورگەی کەناری لە ئیسپانیا، دوورگەکە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە خاڵە سنوورییەکانی مەغریبەوە دوورە و لە چەند ساڵی رابردوودا بووەتە وێستگەیەکی قەرەباڵخی کۆچبەران.
 
لامین فۆل، کۆچبەرە و دەڵێت: "هەموو شتێکم کردووە تاوەکو بژێویی ژیانم پەیدا بکەم، هەموو کارێکم کردووە تاوەکو خۆم بگەیێنمە ئەورووپا و ژیانێکی نوێ بۆ خێزانەکەم پێکبێنم، تاوەکو ژیانێکی سەقامگیریان هەبێت." 
 
لەگەڵ زیادبوونی شەپۆلی کۆچبەران، یەکێتیی ئەورووپا بەدوای رێگەچارەیەکی درێژخایەندا دەگەڕێت بۆ ئەو قەیرانەی هەموو ئەورووپای گرتووەتەوە. 
 
تیۆدۆر بۆندیۆل، فیدراسیۆنی کاروباری کۆچبەران لە دوورگەی کەناری دەڵێت: "کۆچبەرەکان لەم دوورگەیە نامێننەوە. بەڵکو ئێرە وەکو ترانزێت بەکاردێنن بۆ چوونە وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا." 
 
15 وڵاتی ئەورووپا، پێشنیازێکی نوێیان پێشکێشی پەرلەمانی ئەورووپا کردووە، داوا دەکەن کۆچبەرانی نایاسایی کیشوەرەکە هاوشێوەی بەرنامەی بەریتانیا بۆ رواندا، رەوانەی وڵاتی سێیەم بکرێن.
 
هەفتەی رابردوو، یەکێتیی ئەورووپا پاکێجێکی نوێی تایبەت بە یاسای کۆچبەرانی لە ئەورووپا پەسند کرد کە لە ساڵی 2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و رێکارەکان بەرامبەر بە کۆچبەران تووندتر دەکرێن. 
 
رێکارە نوێیەکان بریتین لە تووندکردنی سنوورەکان و خاڵی پشکنین لە هەندێ خاڵی سنوور جێگیر دەکرێن. هەر لەو ناوچە سنوورییانە ناوەندی مانەوەی کۆچبەران دەکرێنەوە، تاوەکو چارەنووسی کۆچبەرەکان دیاریی دەکرێت و رێگەنادرێت بچنە شارە گەورەکانەوە. 
 
ئەو پێشنیازە نوێیە لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە 6 بۆ 9ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. پێشبینیی دەکرێت، لەو هەڵبژاردنە پارتە راستڕۆکانی ئەو کیشوەرە، دەنگێکی زۆر بەدەستبهێنن و ئەو پارتانەش یەکێک لە بژارەکان کە بیری لێدەکەنەوە بۆ چارەسەرکردن قەیرانی کۆچبەران ئەوەیە کۆچبەران رەوانەی وڵاتی سێیەم بکەن. 
 
ئەلبانیا کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نییە، لەگەڵ ئیتاڵیا رێککەوتووە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە وەرگرێت و لە کامپی کۆچبەران شوێنیان بکاتەوە تاوەکو کەیسەکانیان لە ئیتاڵیا یەکلادەبێتەوە. 
 
ساندەر ماراشی، سەرۆک ناحیەی شینجینی ئەلبانیا دەڵێت: "لەدوای گەیشتنیان و پرۆسەی تۆمارکردن کە نزیکەی چوار بۆ پێنج کاژێری دەوێت، دواتر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیتاڵیا رەوانەی کامپیان دەکەین و چاوەڕێ دەکەن تاوەکو کەیسەکانیان بڕیاری لەسەر دەدرێت." 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، زیاتر لە 55 هەزار کۆچبەر چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا، کە 53 هەزاریان لە رێگەی بەلەمەوە بووە. لەو ماوەیەشدا هەزار و 27 کۆچبەر لەو رێگەیەدا خنکاون. ئەمەش لەکاتێکدایە پار، زیاتر لە 292 هەزار کۆچبەر روویان لە ئەورووپا کردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە