لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئەمریکا پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا؛ لە عومرە گەڕابوونەوە

17-01-2024
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
نیشانەکردن رووداوی هاتووچۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە ئەمریکا لە رووداوێکی هاتووچۆدا پێنج هاونیشتمانی خەڵکی پارێزگای دهۆک کە لە عومرە گەڕابوونەوە، پێش ئەوەی بگەنەوە ماڵی خۆیان لە نیویۆرک، گیانیان لەدەستدا. 
 
کاروان زێباری، برای دوو لەو کەسانەی لە رووداوەکەی پێنسلڤانیا گیانیان لەدەستدا بە رووداوی گوت "ژمارەیەک کورد بەیەکەوە چووبوونە عومرە، نزیکەی 15 کەسیان دانیشتووی ڤێرجینیا و نیویۆرک بوون، بلیتی گەڕانەوەیان لە سعودیە بۆ فڕۆکەخانەی دوڵەس لە ڤێرجینیا بوو، هەندێکیان ماڵیان لە ڤێرجینیا بووە و، 10 کەسیشیان بە دوو ئۆتۆمبێل لە ڤێرجینیاوە دەگەڕانەوە نیوهامگتن لە نیویۆرک، کاتێک یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان تووشی رووداوەکە بووە."
 
کاروان زێباری بەمشێوەیە چۆنییەتی رووداوەکە دەگێڕێتەوە:
 
لە رێگەی خێرای ئای81، بەهۆی بەفربارین و خراپیی رێگەکە، یەکێک لە دوو ئۆتۆمبێلەکە (لە جۆری ڤان) کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە، خۆی بە پەرژینی رێگەکەدا کێشاوە و دواتر رووی سووڕاوە، بە پێچەوانەی رێگەکە وەستاوە. ئۆتۆمبێلی دواتر (لەجۆری ئاودی بووە) لە تەنیشت ڤانەکە وەستاوە و سەرنشینەکانی هاتوونەتە خوارەوە تاوەکو هاوکاری سەرنشینەکانی نێو ڤانەکە بکەن، بەڵام لەو کاتە دوو لۆری بەدوای یەکەوە هاتوون، یەکێکیان توانیویەتی بڕوات، ئەوەی دیکە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بکات، چونکە رێگەکەش پێچ بووە، خۆی بە ئۆتۆمبێلەکاندا کێشاوە.
 
لەئەنجامی رووداوەکە پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا، هاونیشتمانییەکی دیکەش بریندارە، کە خوشکەزای کاروان زێبارییە. "بریندارەکە دۆخی تەندروستیی باشە و رەنگە ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەکە دەربچێت."
 
ناسنامەی قوربانییەکان:
 
سێ لەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێکدێن لە بێریڤان نیعمەت تەمەن 43 ساڵ، هەڤرست نیعمەت، تەمەن 41 ساڵ، کە هەردووکیان خوشکی کاروان زێبارین و ئەوەی دیکەیان ئالین ئارمانجە کە تەمەنی 20 ساڵە و کچی بێریڤانە. ئەوان لە بنەڕەتدا خەڵکی سنووری قەزای ئاکرێن و لە ساڵی 1994ـەوە چوونەتە ئەمریکا.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، دووانی دیکە کە لە رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە، بەهەمان شێوە کوردن و لە هۆزی بەروارین. یەکێکیان ناوی فاتیمە عەبدوڵڵایە و خەڵکی گوندی مایێیە، ئەوەی دیکەیان ناوی شەهناز مەجیدە و خەڵکی گوندی ستکورکە.
 
تەرمەکان لە دادپزیشکیی بێنگاهمتن و بڕیارە لەدوای وەرگرتنەوەیان، بیانبەنەوە بۆ کوردستان و لە هەرێمی کوردستان بەخاک بسپێردرێن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.