کۆنفرانسی کوردانی قەوقاز داوای پاراستنی شوناس و زمانی کوردی دەکات

31 خولەک له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنفرانسی کوردانی قەوقاز داوا دەکات زمان و شوناسی کوردی لە دەرەوەی کوردستان بپارێزرێت و چەند دەستپێشخەرییەک بۆ ئەو مەبەستە رادەگەیێنێت.
 
رۆژانی 15 و 16ی ئاب لە شاری تبلیسی پایتەختی جۆرجیا، بە بەشداری ژمارەیەک لە زمانزان، نووسەر و لێکۆڵینڤانانی کورد لە وڵاتانی ناوچەی قەوقاز و رەوەندی کوردانی وڵاتانی دیکە، کۆنفرانسێک بە ناونیشانی "کوردانی قەوقاز و روانگەی نەوتەوەیی" بەڕێوەچوو.
 
راگەیێندراوی کۆنفرانسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانج لە چالاکییەکە "باشکردنی هاوئاهەنگیی کۆمەڵانی خەڵکی کورد بووە بۆ پاراستن و پێشخستنی ناسنامەی کوردی"و تاوتوێکردنی هەندێ "بابەتی  گرنگ"ی پەیوەست بە کورد. 
 
راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکە دەڵێت، "ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە دەرەوەی کوردستان بەهۆی زۆر هۆکار لە ژێر مەترسیی ونبووندایە. ئێمە داوا لە هەموو رێکخراوە کوردستانییەکانی جیهان دەکەین بۆ رزگارکردن و پێشخستنی ناسنامەی کوردی لە وڵاتانی خۆیان، بەرنامە رێکبخەن."
 
یەکێکی دیکە لەو راسپاردەکانی کۆنفرانسەکە ئەوەیە کە "لیژنەیەکی زانستی پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی یەکگرتوو ئامادەبکەن تاوەکو کوردانی دەرەوەی وڵات فێری زمانی کوردی بکەن."
 
قەوقاز ناوچەیەکی جوگرافیی نێوان دەریای قەزوین و دەریای رەشە، وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان و چەند بەشێکی باشووری رووسیا دەگرێتەوە. بە گوێرەی دوایین سەرژمێرە فەرمییەکان، زیاتر لە 170 هەزار کورد لەو ناوچانە دەژین، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەی راستەقینەیان زیاتربێت.
 
کۆنفرانسەکە داوا دەکات کۆمەڵەیەک لە زانایان و پسپۆڕانی کورد پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی "پەرتووکێکی یەکگرتووی وانەی زمانی کوردی و لە پاشەڕۆژیشدا ئەلفوبێیەکی یەکخراو ئامادە بکەن."
 
بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان پێشانیدەدەن کە کورد لە نێوەڕاستی سەدەی دەیەمی زاینییەوە لە قەوقاز هەبووە. هەروەها بەشێکی زۆریشیان لە سەدەکانی شازدە و حەڤدەیەم لە ئەنجامی جەنگەکانی نێوان عوسمانی و سەفەوییەکان ناچاربوون لە کوردستانەوە کۆچبکەن بۆ ئەو ناوچەیە.
 
لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا، وەک نەتەوەیەک دان بە کورد دانرا و هەوڵی پێشخستنی کولتوور و زمانی کوردی دەدرا. بۆ نموونە، کوردانی ئەرمینیا قوتابخانەی تایبەت بە زمانی کوردیان هەبوو و ژمارەیەک بەرهەمی نوسراو بە زمانی کوردی بڵاوکرانەوە. بەڵام دواتر بەهۆی سیاسەتەکانی جۆزیف ستالین، سەرۆکی پێشووی یەکێتی سۆڤییەتی کە پێکهاتە نەتەوەییەکانی بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی دەبینی و گومانی دەکرد دەست لەگەڵ نەیارانی سۆڤیەت تێکەڵ بکەن، بە تایبەتی ئەوانەی لە نزیک سنوور بوون، دەستکرا بە دیپۆرتکردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو نەتەوانە بۆ ئاسیای نێوەڕاست، لە نێویاندا کازاخستان کە ئێستا سەرووی 50 هەزار کوردی لێ دەژین.
 
بۆ رێگریکردن لە توانەوەی زیاتری کورد لەنێو نەتەوەکانی دیکە، کۆنفرانسەکە داوا لە "کوردانی باشووری قەوقاز، ئەورووپا و ئاسیای نێوەڕاست دەکات یەکێتیی نەتەوەیی کورد لەسەر بنەمای زمان پێشبخەن کە هەزاران ساڵە کۆڵەکەی پاراستنی ناسنامەی کوردییە."
 
راگەیێندراوەکە هەروەها دەڵێت، "باوباپیرانمان، وەک سەرچاوەی نەتەوە و رەگ و ریشەی کولتووری کوردی، نەوەک تەنیا رابردووی ئێمەن، بەڵکو بناخەی داهاتوومانن. بۆیە داوا لە هەر کوردێکی قەوقاز، ئاسیای نێوەڕاست و ئەورووپا دەکەین، بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی، پاشناوی دیرۆکیی باو باپیرانی خۆی بگەڕێنێتەوە، ئەگەر ئەوان لە کاتی کۆچبەری، زۆرداری یان دۆخی دیکەدا ناچاربووبن لەدەستی بدەن یانیش بە زۆر گۆڕدرابن. پاراستنی زمان و کولتوور کۆڵەکەیەکی سەرەکیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردە لە دەرەوەی کوردستان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە