رووداو دیجیتاڵ
یونسکۆ لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژە بەوە دەکات، لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021ـەوە دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتووەتەە دەست، لانیکەم 1.4 ملیۆن کچ لەو وڵاتە لە خوێندن بێبەش کراون و لە قوتابخانە دەرهێندراون.
رێکخراوی پەروەردە و زانست و کولتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان- یونسکۆ بڵاوی کردووەتەوە: "لە سێ ساڵی رابردوودا، بەرپرسانی تاڵیبان ئەو بەرەوپێشچوونەی دوو دەیەیە لە کەرتی پەروەردەی ئەو وڵاتە هەبووە، سڕیویانەتەوە".
ئەو رێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا لە ئەفغانستان نزیکەی 2.5 ملیۆن کچ هەن کە لە مافی خوێندن بێبەش کراون.
یونسکۆ باسی لەوەشکردووە، زۆربەی ئەو کچانەی لەو وڵاتە لە قوتابخانە دەردەهێندرێن، دەخرێنە سەر کار یاخود لە تەمەنێکی کەمدا بەشوودەدرێن.
دەسەڵاتی تاڵیبان کە تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک دانی پێدا نەناوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ئازادی ژنانی ئەفغانستانی سنووردار کرد و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو جیاکارییەی بە "پێشێلکاری جێندەری" لە ئەفغانستان ناوبردووە.
ئۆدرێی ئازۆلای، بەڕێوەبەری یونسکۆ لە راپۆرتەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کار بکەن بۆ ئەوەی مافی ژن و کچانی ئەفغانستان پێشێل نەکرێت.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی یونسکۆ بڵاویکردوونەتەوە، ژمارەی قوتابیانی قوتابخانە سەرەتاییەکانی ئەفغانستان بەردەوام کەمدەبنەوە.
یونسکۆ دەڵێت، ساڵی 2022 ژمارەی قوتابییان لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی ئەفغانستان 5.7 ملیۆن قوتابی بووە، ئەوەش لەکاتێکدا ساڵی پێش 6.8 ملیۆن بووە.
جگە لە بێبەشکردنی کچان لە مافی خوێندن، یونسکۆ سەرکۆنەی دەسەڵاتی تاڵیبان دەکات کە رێگری لە مامۆستایانی ژن دەکات لە قوتابخانەی کوڕان وانە بڵێنەوە.
لەبارەی خوێندکارانی زانکۆی ئەفغانستانیش، یونسکۆ دەڵێت، پێش ساڵی 2021 نزیکەی 300 هەزار خوێنکاری زانکۆ لە ئەفغانستان هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ 141 هەزار خوێندکار دابەزیوە.
تاڵیبان لە ساڵی 2021ـەوە دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا و ناتۆ دوای دوو دەیە شەڕکردن دژی تاڵیبان، لەو ساڵەدا دەستیان بە کشانەوەی هێزەکانیان کرد و لە 15ـی ئابی هەمان ساڵیشدا تاڵیبان چووە نێو کابووڵی پایتەخت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ