رووداو دیجیتاڵ
فەرماندە سەربازییەکانی ئۆکراینا رایانگەیاند، پێشڕەوییەکانیان لە رۆژئاوای رووسیا بەردەوامە و لە 24 کاژێری رابردوودا، نزیکەی دوو کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە لە چوارچێوەی پێشڕەوییەکانیشیان، گەورەترین شارۆچکەی رووسیایان لە هەرێمی کورسک کۆنترۆڵ کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، ئەلێکساندەر سریاسکی، فەرماندەی گشتی سوپای ئۆکراینا لە نوێترین راپۆرتی سەبارەت بە پێشڕەوییەکانیان لەنێو خاکی ئۆکراینا، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، نزیکەی دوو کیلۆمەتر پێشڕەوییان هەبووە لە چوارچێوەی پێشڕەوییەکانیشیان، تائێستا 82 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان کۆنترۆڵ کردووە.
لە 6ی ئابەوە، سوپای ئۆکراینا هێرشێکی پێچەوانەی فراوانی کردە سەر ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای رووسیا کە بە گەورەترین هێرش لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم بۆ سەر رووسیا دادەنرێت.
سریاسکی رایگەیاند یەکێک لەو شوێنانەی کۆنترۆڵیان کردووە، شارۆچکەی سۆدهیژایە کە گەورەترین شارۆچکەیە تاوەکو ئێستا ئۆکراینا لەو هێرشانەی 10 رۆژییەدا کۆنترۆڵیان کردبێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی پێنج هەزار کەس دەبێت.
ئەلێکسی سمیرنۆڤ، پارێزگاری بەوەکالەتی کورسک، فەرمانی چۆڵکردنی ناوچەکانی دەووروبەری شارۆچکەی سۆدهیژای کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان لەنێو خاکی رووسیا بەردەوام دەبێت.
فەرماندەی گشتی سوپای ئۆکراینا زیاتر باسی لە پێشڕەوییەکانی سوپاکەیان دەکات و رایدەگەیەنێت تائێستا بە قووڵایی 35 کیلۆمەتر یانیش هەزار و 150 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خاکی رووسیا کۆنترۆڵ کردووە.
هەروەها میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن لەو هێرشانەیان تانکی پێشکەوتووی بەریتانی، ناسراو بە چاڵێنجەر 2، رۆڵێکی بەرچاوی لە پێشڕەوییەکانی ئۆکراینا هەبووە.
ئۆکراینییەکان، دەڵێن ئەو پێشڕەویانەیان، بۆ ئەو مەبەستەیە ناوچەیەکی دابڕێندراو لە رۆژئاوای رووسیا دروست بکەن، تاوەکو ناوچەکانی باکووری ئۆکراینا لە هێرشی رووسیا بپارێزن و بۆ ئەو بەمەبەستە بنکەی سەربازیی سوپایان لە هەرێمی کورسک دامەزراندووە.
بەگوێرەی بەرپرسانی رووسی، بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرایناوە تائێستا زیاتر لە 120 هەزار کەس لە هەرێمی کورسک ئاوارە بوون، ئەمە بێجگە لەوەی 12 کەسی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 130 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ