رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی تاڵیبان لە پێشڕەوییەکانیان بەردەوامن و سێ بەرپرسی باڵای ئەفغانستان دەڵێن، تاڵیبان گەیشتووەتە پایتەختی وڵاتەکە و لە هەموو لایەکەوە هەوڵی ئەوە دەدات بچێتە ناو شاری کابوول. هەروەها زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان لە تویتەر رایدەگەیێنێت، لە کابوول شەڕ ناکەن.
عەبدولستار میرزاکوال، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان لە ڤیدیۆیەکدا دڵنیایی دەدات لەوەی کە هاووڵاتییانی کابوول پارێزراو دەبن و رایدەگەیێنێت، هێرش ناکرێتە سەر کابوول و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە ئاشتیانە بەڕێوەدەچێت.
سێ بەرپرسی ئەفغانستان بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسیان گوتووە، تاڵیبان لە هەموو لایەکەوە لە کابوول نزیکبووەتەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا چەکدارانی تاڵیبان نەگەیشتوونەتە ناوەندی پارێزگاکە.
سەرۆکایەتیی ئەفغانستان لە بە ئاژانسی ئەی ئێف پی راگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بە هاوئاهەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکان دۆخی ئەمنیی کابوول دەپارێزن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-08-2021 چەکدارانی تاڵیبان دوایین دەروازەی سنووریی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵکرد، ئێستا تاکە رێگە بۆ دەرچوون لە وڵاتەکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابوولە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی تاڵیبان شاری جەلالئابادیان کۆنترۆڵکرد کە رێگەیەکی سەرەکیی بەرەو دەروازەی سنووریی پاکستان هەیە.
وەکو لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە دەردەکەوێت، چەکدارانی تاڵیبان شارۆچکەی باگرامیان وەکو یەکەم قەزای سەر بە کابوول بەبێ شەڕ کۆنترۆڵکرد.
چەکدارانی تاڵیبان لە شارۆچکەی باگرامی سەر بە پارێزگای کابوول
چەکدارانی تاڵیبان لە جەلال ئاباد
تاوەکو ئێستا لە کۆی 34 ویلایەت، تاڵیبان ناوەندی 27 ویلایەتی کۆنتڕۆڵکردووە.
پێشتر تاڵیبان ناوەندی دووەم و سێیەم گەورەترین پارێزگای ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردبوو کە قەندەهار و هیراتن، هەروەها لە نێوجەرگەی کابوول شەقامەکان چۆڵیان پێوەدیارە و ترسێکی زۆر لەنێو بەشێکی زۆر خەڵکدا دروستبووە.



