رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئۆکراینا بەرگری لە ئاشتیی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات و ئەگەر پاڵپشتییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە رابگرن، ئەوا جەنگەکە دەگاتە سنوورەکانیان.
رۆژی پێنجشەممە 14ی ئاداری 2024 ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا راگەیاند، "ئەگەر پووتین لەلایەن ئۆکراینەکانەوە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا نەوەستێندرێت، ئەوا جەنگەکە لە سنوورەکانمان نزیکتر دەبێتەوە. هاوبەشە پۆڵەندی و بەلتیکەکانمان بەردەوام ئەوەمان بیردەخەنەوە." هەروەها رایگەیاند، "کەمبوونەوەی پاڵپشتییەکان جەنگەکە لە سنوورەکانمان نزیکتر دەکاتەوە و پێویستە و دەمانەوێت بەیەکەوە رێگری لەوە بکەین."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو رۆژێک، ئۆکراینا بەرگری لە ئاشتیی پۆڵەندییەکان، بەڵتیکەکان، فینلاندییەکان و نەرویجییەکان دەکات، کە هیچیان وەکو ئێمە نەکەوتوونەتە نێوجەرگەی ئەوروپاوە و سنووریان بە سنووری ئۆکراینا یان رووسیاوەیە." ئەوەشی خستەڕوو، "پێشتر لە ئەڵمانیا نیگەرانییەکانیانمان لەبەرچاو نەگرتبوو؛ ئەمە نابێت دووبارە ببێتەوە."
بەگوێرەی گوتەکانی وەزیرە ئەڵمانییەکە، پاسەوانی سنوورەکانی وڵاتەکەی کەشتییەکی رووسیایان بەرچاو کەوتبوو کە چاودێریی هێڵی گازی نێوان وڵاتەکەی و نەرویجی دەکرد.
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی رووسیا و جەنگەکەیەوە لەگەڵ ئۆکراینا لە کاتێکدان، نزیکەی 25 مانگە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە نییە.
لەبارەی زیانەکانی جەنگەکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون. بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی و لە بەرامبەریشدا لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.
لەو ماوەیەی جەنگی کیێڤ و مۆسکۆدا یەکێتیی ئەوروپا، بە بەهای 92 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینای کردووە کە زیاتر لە 43 ملیار دۆلاری بەهێزکردنەوەی ئابووریی وڵاتەکە و زیاتر لە 29 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی بووە، هەروەها 18.4 ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی ئۆکراینا تەرخانکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ