رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی چاودێری سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا - فرۆنتێکس، رایگەیاند، ئەو تەرمانەی دوێنێ لە نۆکەندی ئینگلیز دۆزرانەوە سەرجەمیان کۆچبەریی سووریایین. ژمارەی سەرنشینانی بەلەمەکە 35 کەس بوون و گومان دەکرێت بەهۆی با و شەپۆلی دەریاوە تێکشکابێت.
رۆژی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2024، ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا - فرۆنتێکس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی دوێنێ لە نۆکەندی ئینگلیز پێنج تەرم دۆزرانەوە، کە چواریان سەرنشینی سەر بەلەمەکە بوون.
لەبارەی ناسنامەی تەرمەکانیشەوە ئاژانسەکە دەڵێت، هیچ کام لەو تەرمانە عێراقی نەبوون، بەڵکو خەڵکی سووریا بوون و ئەو تەرمەشی کە دۆزراوەتەوە لەناو بەلەمەکە بووە، ناسنامەی نەزانراوە.
بە گوێرەی ئاژانسی فرۆنتێکس، "گومان دەکرێت ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە لە نۆکەندی ئینگلیز، بەهۆی با و شەپۆلی دەریاوە بووبێت."
دوێنێ بەرپرسانی پاسەوانیی سنووری فەرەنسا بڵاویان کردەوە، بەلەمێک بە 35 سەرنشینەوە ژێرئاو کەوتووە و چوار کۆچبەری سەر بەلەمەکە خنکاون.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە فرۆنتێکسی وەرگرتووە، لە وەرزی زستاندا ئەگەری ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز زیاد دەکات، ساڵی رابردووش مردنی کۆچبەران بەراورد بە ساڵی پێشتر 10٪ بەرزبووەتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی دەریاوانی بەریتانیا ئەمە یەکەمین رووداوی خنکانی کۆچبەرانە کە لە ساڵی 2024 دا تۆمار دەکرێت، یەک رۆژ بەر لەوە یەکەمین بەلەمی کۆچبەرانی ئەم ساڵ گەیشتە ئەو وڵاتە، ئەوەش لە دوای چوار هەفتە لە وەستانی چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە دێت، کە بە گوتەی بەرپرسانی بەریتانی لە نێوان 12-12-2023 تاوەکو 11-1-2024 هیچ پەڕینەوەیەک لە نۆکەندەکەدا تۆمارنەکراوە.
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، ساڵی رابردوو 29 هەزار و 437 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022دا 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتبوونە ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ