رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی تایبەتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە کۆشکی ئیلیزێ.
بە کاتی پاریس کاژێر 01:23 خولەکی دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە (14-4-2025)ـە و ئیمانوێل ماکرۆن لە پێش دەرگای ئیلیزێ بە پەرۆشەوە چاوەڕێی گەیشتنی نێچیرڤان بارزانییە؛ ماکرۆن بە ئاڵا شاڵی گوت: "خۆشحاڵم جارێکی دیکە هاوڕێ باشەکەم دەبینمەوە." لەگەڵ گەیشتنیشی، سەرۆکی فەرەنسا بە باوەشێکی گەرم و دۆستانە پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
هەردوو دۆستە دێرینەکە، دوای چاک و چۆنی، پێکەوە چوونە نێو کۆشکی ئیلیزێ؛ لەدوای گەڕانێک بەنێو کۆشکەکەدا، کۆبوونەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان کتێبێکی بە ناونیشانی (کوردستان خۆشەویستەکەم) بە دیاری بەخشییە ئیمانوێل ماکرۆن. کتێبەکە لەلایەن نووسەری فەرەنسی لام دوک هیانەوە نووسراوە و بەیان سەلمان وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
لەدوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی لە ئێکس رایگەیاند: "جێگەی شانازییەکی گەورە بوو کە ئەمڕۆ لە کۆشکی ئیلیزێ بووم بۆ دیداری دۆستی ئازیزم، سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن. پەیوەندیمان لەگەڵ فەرەنسا زۆر تایبەتە و بەردەوامیش پەرە دەسێنێت و بەهێزتر دەبێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا، عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها پرسە سەرەکییەکانی ناوچەکەشمان تاوتوێ کرد. سوپاسی سەرۆک ماکرۆنم کرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکەی لە هەرێمی کوردستان و رۆڵە گرنگەکەی لە برەودان بە سەقامگیریی ناوچەکەدا".
ئەمە جاری یەکەم و دووەم نییە هەردوو سەرۆکەکە یەکدی دەبینن. پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان هەردوو سەرۆکەکەدا هەیە؛ لەو کاتەوەی ماکرۆن لە ساڵی 2017 بووەتە سەرۆککۆماری فەرەنسا، لانیکەم 7 جار لە پاریس، هەولێر و بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەتەوە.