رووداو - خێرسۆن
بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە بەشێکی زۆری خەڵک لە شارەکانی ئۆکراینا بێ ماڵ و حاڵ بوون و بەشێکیان خۆراکیان بە زەحمەت دەستدەکەوێت.
ئەو وێنانە رۆژی شەممە 14-1-2023 لە خێرسۆن گیراون، دەردەکەوێت کە خەڵێکی زۆر لە بە تەمەنەکان بە ژن و پیاوە نۆرەیان بۆ وەرگرتنی خۆراک گرتووە.
دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی خێرسۆن هەفتەی دووجار لە نۆرەیەکی دوورودرێژدا دەوەستن بۆ وەرگرتنی سەمونێك و دوو قوتوو خۆراک.
بەشێک لە مامۆستا و كەسانی خۆبەخش لەنێو قوتابخانەیەک خۆراک بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا دابەشدەکەن کەلەلایەن رێكخراوی WFPی جیهانییەوە دابینکراوە.
بۆردوومانی سوپای رووسیاش بۆسەر شاری خێرسۆن رۆژانە بەردەوامە و خەڵك لەنێو شارەكەدا ماون و نایانەوێت شارەكە بەجێبهێڵن، لەترسی بۆردوومانەكانی رووسیاش ناتوانن بێنە دەرەوە و تاك و تەرا لە دەرەوە دەبینرێن.
رووسیا هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری خێرسۆن چڕکردووەتەوە و چەند رۆژێکە بە بەردەوامیی بۆردوومانی شارەکە دەکات. رووسیا سەنتەری شارەکە بۆردوومان دەکات و مووشەک بەر نەخۆشخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک کەوتووە و، لەم چەند رۆژەی رابردوودا کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەیش بریندار بوون.
بەپێی ئاماری پارێزگاری خێرسۆن، لە ماوەی 24 کاژێردا، رووسیا 63 جار بە چەکی جیاواز هێرشی کردووەتەسەر شاری خێرسۆن و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەیش بریندار بوون.
سەربازێكی ئۆکراینی لە شاری خێرسۆن بە رووداوی گوت، "ئێمە پێویستمان بە چەکی جیاوازی زیاترە بۆ ئەوەی کە پێگەی گەورەتری دووژمنەکانمان بپێکین و پاشەکشە بە وان بکەین تاوەکو نەتوانن لە خێرسۆن بدەن. ئێستا ئەوان لەو دیوی رووبارەکەی خێرسۆنن و لەوێوە هەموو جۆرە چەکێکی دوور و نزیک بۆ هێرشکردن بەکاردەهێنن."
