گوتەبێژی پێنتاگۆن: 186 سەربازمان لە هێرشەکاندا بریندار بوون

13-02-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئەرکی سەربازیی هێزەکانیان لە عێراق و سووریادا نەکراوە و ئاماژە بەوەش دەکات، گفتوگۆکانیان لەگەڵ عێراق تایبەت بوون بە شەڕی داعش و توانا سەربازییەکانی سوپای عێراق.
 
رۆژی 27ـی كانوونی دووەم، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی گفتوگۆی دوو قۆڵیی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریكای كرد کە تایبەتە بە گفتوگۆی تایبەت بە دیاریکردنی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق. رۆژی 11ی مانگ دووەم گەڕی کۆبوونەوەکان بەڕێوەچوون. 
 
پێت نویێن، گوتەبێژی پێنتاگۆن لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، "ئەو گفتوگۆیانە تایبەت بوون بە سێ خاڵ کە ئەوانیش، هەڕەشەی داعش، دۆخی کارکردنی هێزە سەربازییەکان لە عێراق و توانا سەربازییەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق".  
 
ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو گفتوگۆیانە هەنگاوی گرنگن لە پرۆسەی گۆڕانکاریی ئەرکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە 17ی تشرینی یەکەمی پارەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق، سووریا و ئوردن.  
 
لە وەڵامیشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندینجار گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لە باشووری کوردستان، عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە. 
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەوە 186 سەربازی ئەمریکی برینداربوون کە 130یان مێشکیان ئازاریان پێگەیشتووە، ئەوەش بەهۆی دەنگی گەورەی ئەو هێرشە مووشەکیانەی ئاراستەی بنکەکانیان کراوە.
 
ئەوە جگە لەوەی سێ سەربازیان لە هێرشە درۆنییەکەی رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی رابردووی سەر بنکەی تاوەر22ی باکووری ئوردن کوژران. 
 
پێت نویێن هەروەها گوتی، "هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراقی لەوێن و لە نزیکیشەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەین لەبارەی هێزەکانمان، بەتایبەتی لەبارەی سەلامەتی و پاراستنی هێزەکانمان. هیچ کاتێكیش دیاری نەکراوە لەبارەی ئاستی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا". 
 
لەبارەی رۆڵی لیژنەی باڵای هاوبەشی سەربازی کە سەرپەرشتی ئەو گفتوگۆیانە دەکات، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "ئەو لیژنەیە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و زانیاری لەبارەی دۆخەکە بە سەرکردایەتی هەردوو وڵات دەدات، لەگەڵ پێشکێشکردنی پێشنیاز لەسەر بنەمای چەند فاکتەرێک کە ئەوانیش هەڕەشەی داعش، دۆخی کارکردنی هێزە سەربازییەکان و هەروەها توانای سەربازیی هێزەکانی عێراق". 
 
هەروەها پێت نویێن دەڵێت، "گفتوگۆکان لە عێراق بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندی هێزی هاوپەیمانانە کە نەوەک تەنیا پاڵپشتی هێزەکانی عێراق و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن، بەڵکو هەوڵدانیشە بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی سەقامگیر بۆ عێراق". 
 
ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و رۆڵیان راوێژکارییە.
 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش لانیکەم 900 سەربازی هەیە وەکو بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و چەند هێزێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە