رووداو دیجیتاڵ
ئەو ئاگرەی لە 7ی ئەم مانگەوە لە پێنج شوێنی جیاوازی کالیفۆرنیا دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 24 کەس و بێسەروشوێنبوونی 16 کەسی دیکە، نزیکەی 200 هەزار کەسیش ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە.
وێنەکان ناوچەکانی مالیبو و پالیسەیدن لە کالیفۆرنیا کە دوو ناوچەی کەنارین. وەکو لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، ئاگر تەڕ و وشکی پێکەوە سووتاندووە و رەحمی بە هیچ نەکردووە.
ئەوە جگە لەوەی ئاگرەکە زیاتر لە 17 هەزار هێکتار دارستان، زیاتر لە 12 هەزار خانوو، باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی سووتاندووە و بایی نزیکەی 150 ملیار دۆلار زیانیشی بە ناوچەکە گەیاندووە.
خێرایی با یەکێکە لە کێشەکان کە رووبەڕووی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەبێتەوە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەم هەفتەیەش بایەکە خێراتر دەبێت. دوو کوشندەترین ئاگرەکان ئیتۆن و پالیسەیدن کە لە دوو ئاراستەی جیاوازەوە ناوچەکان دەسووتێنن.
لەو ژمارەیەی گیانیان لەدەستداوە، 16 یان بەهۆی ئاگری ئیتۆنەوە بوون، هەشت کەسیشیان بەهۆی ئاگرەکەی پالیسەید.
ئاگری پالیسەید تاوەکو ئێستا تەنیا 13٪ـی کۆنترۆڵکراوە و ئیتۆنیش کەمتر لە 30٪ـی.