رووداو - ئەڵمانیا
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەبارەی هۆکاری درێژکردنەوەی ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق دەڵێت، ئەو وڵاتە "بە هیچ شێوەیەک ئارام نییە" و لەبەر ئەو هۆیەش بووە کە ئەرکی هێزەکانیان لە وڵاتەکە درێژکردووەتەوە.
لە وەڵامی پرسیاری زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لەبارەی هۆکاری درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق، بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، "تازە ئەو ئەرکەمان درێژکردووەتەوە، چونکە لەم رووداوانەی دواییدا، لە هەوڵەکانی بەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی سوێد دیار بوو کە بارودۆخەکە بە هیچ شێوەیەک ئەوەندە ئارام نییە."
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی، پێویستیان بە پشتگیریی سەربازانی ئەڵمانیا هەیە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش.
دەقی پرسیاری پەیامنێری رووداو و وەڵامی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا:
پەیامنێری رووداو: دەربارەی ئەرکی ناتۆ لە عێراق، ئەڵمانیا رۆڵێکی گرنگ لەم ئەرکەدا دەگێڕێت. لە ماوەی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، داعش چیدیکە هەڕەشە نییە؛ کەواتە درێژکردنەوەی ئەرکی سوپای ئەڵمانیا لە عێراق لەسەر چ بنەمایەکە؟
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: تازە ئەو ئەرکەمان درێژکردووەتەوە، چونکە لەم رووداوانەی دواییدا، لە هەوڵەکانی بەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی سوێد دیاربوو کە بارودۆخەکە بە هیچ شێوەیەک ئەوەندە ئارام نییە. دڵخۆشم کە سەرۆک[وەزیران] بەو شێوەیە دەبینێت؛ بەڵام هەر خۆیەتی کە گوتی، پێویستیمان بە پشتگیریی سەربازەکانە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش، بۆ ئارامکردنی بارودۆخەکە لەو رەوشانەی پێویست بێت، بۆیەش پەرلەمانی فیدراڵی بە شێوەیەکی راست و دروستانە ئەم ئەرکە درێژ دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ