رووداو - لەندەن
وەزیری دەرەوەی عێراق بەهاوبەشی لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی شاندێکی عێراق دەکات لە لەندەن، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو لەبارەی ئەو هێزەی تورکیا کە لەباشیک جێگیرکراون رایگەیاند: ئەو هێزە بەپێنج پاساو لە عێراق جێگیربوون.
ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی (تۆڕی میدیایی رووداو) لەبارەی هێزەکەی تورکیا لە باشیک، کە ماوەیەکە ئاڵۆزی
ئێمە دژی بوونی ئەو هێزەین
خستووەتە نێوان پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەنقەرە و بەغدا گوتی "هێزی تورکیا لەباشیک جێگیرکراون، 114 کیلۆمەتر لە ناوەندی عێراقەوە دوورن، لە 14-12- 2015ـەوە هاتوونەتە نێو عێراق و تاوەکو ئێستا لەشوێنی خۆیاندا ماونەتەوە، ئێمە دژی بوونی ئەو هێزەین".
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها رایگەیاند "قسەمان لەگەڵ (تورکیا) کردووە بۆ ئەوەی هێزەکەی بکشێنێتەوە، بەڵام ئەوان لە هەرکاتێکدا پاساوی جیاواز بۆ مانەوەیان دەهێننەوە". بەگوتەی جەعفەری پاساوەکانی ئەنقەرە بۆ هێشتنەوەی هێزەکەی لە باشیک لەم پێنج خاڵەدا خۆیان دەبیننەوە:
بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
هاوکاری لە شەڕی داعش
بۆ راهێنانی هێزە عێراقییەکان
بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان
رێککەوتنێکی لەمێژە لەگەڵ حکومەتی بەعس، لە ساڵی 1982
بەڵام وەکو وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لێ دەکاتەوە "ئێمە وەڵامی هەموو ئەو پاساوانەمان داونەتەوە و پێمان گوتوون: ئەو پاساوانە راست نین، هەروەها بڕیاری پەرلەمانی عێراق هەیە و رێگە بە بوونی هیچ هێزێکی بیانی نادات لەسەر خاکی عێراق، بەتایبەتی ئەو هێزانەی بەبێ ئاگاداری عێراق دێنە نێو خاکەکەیەوە".



