رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ ساڵ لە بەرەنگابوونەوە كۆرۆنا، گەشتە نێوخۆییەكانی چین دەستیان پێكردووەتەوە و لە رۆژانی نزیك لە سەری ساڵی نوێی چین و فێستیڤاڵی بەهار خەڵك لە نێوخۆی چین گەشت دەكەن.
چین سێ ساڵ لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی چینی ئامادەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا دەبوو، بەڵام ئەمساڵ كە وەك حكومەتی چین دەڵێت توانیویانە كۆرۆنا وەك پەتایەكی وەرزی كۆنترۆڵ بكەن.
لەگەڵ دەستپێكی ساڵی 2023 چین دەرگەی بەڕووی جیهاندا كردەوە و چیدیكە پێویست بە كەرەنتین نییە بۆ ئەو كەسانەی كە سەردانی وڵاتەکە دەكەن. تەنیا پێویست دەكات پشكنینی كۆرنا هەبێت كە 48 كاژێر زیاتری بەسەردا تێنەپەڕیبێت. هەروەها دوای سێ ساڵ دانیشتووانی چین هەم دەتوان گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن و هەمیش لە نێوخۆدا گەشت بكەن.
وەزارەتی كولتوور و گەشتیاری رایگەیاندووە، پێشبینی دەكەن رێژەی گەشتە نێوخۆییەكانی ئەمساڵ زیاتر لە 80%ی ساڵانی بەر لە كۆرۆنا بێت ئەویش بەهۆی ئەوەی كە لەم سێ ساڵەدا خەڵكی چین نەیانتوانیوە گەشتی دەرەوەی و نێوخۆی وڵاتیش بكەن.
ئەم وێنانەی دەیانبینن، وێستگەی ناوەندیی شەمەندەفەرە لە پەكینی پایتەخت.
