گالەری

رووداو دیجیتاڵ

وێنە: AFP 

چەند دیمەنێک لە زیانەکانی زریانی میڵتۆن لە فلۆریدای ئەمریکا. تائێستا لانیکەم 16 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، کارەبای سێ ملیۆن ماڵ و شوێنکار بڕاوە و دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون. 
 
زریانەکە بە ڕەشەبایەکی بەهێز و هەڵگرتنی ئاوێکی زۆر، لە رۆژئاوا بەرەو رۆژهەڵاتی ویلایەتەکە چوو، لە ئەنجامدا لە چەندین شوێن لافاو دروستبوو. هەروەها رێگە و بان بەهۆی کەوتنەخوارەوە درەخت و ستوونەکانی کارەبا داخران. 
 
زریانی میڵتۆن، یەکێک لە گەورەترین زریانەکان لە سەدەی 21، لە زەریای ئەتڵەنتیک دەستیپێکردووە و رووبەڕووی ئەمریکییەکان بووەتەوە. ئێستاش گەیشتووەتە ویلایەتی فلۆریدا. 
 
چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی گیانلەدەسدان بەرزبێتەوە؛ نزیکەی 9000 پاسەوانی نیشتیمانی لە فلۆریدا بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان دا بڵاوکراونەتەوە و، 210 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکە تەرخانکراوە.
 
رۆن دێ سانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا هۆشداری دەدات لەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا زریانە زیانی گەورەتری هەبێت. 
 
هاوکات، داوا لە دانیشتووانی ویلایەتە کەنارییەکە دەکرێت کە نزیک ئەو شوێنانە نەکەونەوە کە بەر زریانەکە کەوتوون. 
 
لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای ویلایەتەکە، ئاوی خواردنەوە بڕاوە و سەقفی چەندین ماڵ فڕیوە.