رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی دەریایی یۆنان بڵاویکردەوە، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە سێ کۆچبەری منداڵ گیانیان لەدەستدا و 19 کۆچبەری دیکەش رزگارکران.
رۆژی چوارشەممە 10ی نیسانی 2024، پاسەوانی دەریایی یۆنان رایگەیاند، لە باکووری رۆژئاوای دوورگەی خیوس بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت و سێ کچ گیانیان لەدەستدا، کە تەمەنیان پێنج ساڵ، حەوت ساڵ و 10 ساڵ بوو. هەروەها دەشڵێت، 19 کۆچبەریشیان رزگارکردووە.
بە گوتەی بەرپرسانی یۆنان، بەلەمەکە، کە 27 کۆچبەری لەسەر بووە، شەوی رابردوو لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو، زۆربەی کۆچبەرەکان هاووڵاتیی ئەفغانستان بوون.
دوورگەی خیوس کەوتووەتە باکووری رۆژئاوای دەریای ئیجە، یەکێکە لەو رێگە دیارانەی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا بەکاریدەهێنن.
بەگوێرەی نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای کۆچبەرانی یۆنان، ئەمساڵ 11 هەزار و 300 کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە؛ ساڵی رابردووش 45 هەزار کۆچبەر. بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانەش ئامانجیان گەیشتن بووە بە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا.
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، پار 293 هەزار کۆچبەر گەیشتنە وڵاتانی ئەورووپا و چوار هەزار و 64 کۆچبەریش لەو رێگەیەدا مردن؛ ئەمساڵ تاوەکو 8ی نیسان، 41 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتانە و 591 کۆچبەریش لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ