رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نیگەرانن لە تووندوتیژییەکانی سووریا و 'کوشتنی خێزانەکان بە تەواوی."
شەوی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، ستیڤان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند: "سکرتێری گشتی نیگەرانە بەهۆی تووندوتیژی بەرچاو لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا کە کوشتنی بەکۆمەڵی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە کوشتنی چەندین خێزان بە تەواوی و لەدەستدانی لانیکەم یەکێک لە هاوکارانمان لە ئۆنروا."
ئەوە لەکاتێکدایە، 6ـى ئادارى 2025، لە پارێزگاکانى لازقیە و تەڕتووس کە دوو پارێزگاى کەناراویی زۆرینە عەلەویى سووریان، پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانى دەسەڵاتى نوێى سووریا و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەى روویدا کە گوایە سەر بە سوپاى پێشووى رژێمى بەشار ئەسەد بوون
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری دۆخی سووریا دەکات و بارەگای لە لەندەنە، 973 سڤیل و 250 چەکداری عەلەوی، هەروەها 230 کەس لە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی سووریا کوژراون.
دووجاریک دەڵێت، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز پرسەی خۆی دەردەبڕێت بۆ سوورییەکان کە خۆشەویستانیان لەدەست داوە و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازێت؛ "سکرتێری گشتی داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە پارێزگاری لە هاووڵاتیان بکەن و دەست لە گوتار و کردەوەی هاندەر هەڵبگرن لەکاتێکدا کە سووریا رووبەڕووی میراتی 14 ساڵ شەڕ و پێنج دەیە حوکمی سەرەڕۆیی دەبێتەوە."
دەشڵێت: "سکرتێری گشتی نیگەرانیی خۆی دووپات دەکاتەوە لەبارەی گرژییەکانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی سووریا. خوێنڕێژی لە سووریا دەبێت دەستبەجێ بوەستێت و ئەوانەی پێشێلکاری دەکەن دەبێت بەرپرسیار بن. نیگەرانیەکانی پێکهاتەکانی سووریا دەبێت بە شێوەیەکی واتادار چارەسەر بکرێن."
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "ئاگاداری راگەیاندنی دەسەڵاتە کاتیەکانە لە دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە، هەروەها لیژنەیەک بۆ پاراستنی ئاشتیی مەدەنی. سکرتێری گشتی جەخت لەسەر گرنگی و پێویستی دادوەری و ئاشتەوایی راگوزاری گشتگیر و شەفاف دەکاتەوە بۆ ئاشتی بەردەوام لە سوریا."
وەکو گوتەبێژەکەی باسی دەکات، "لە بارودۆخێکدا کە زانیاری هەڵە و ئاڵۆزی زیادبووە، سکرتێری گشتی جەخت لە پێویستیی دابینکردن و پاراستنی بواری میدیای سەربەخۆ و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی کاری چاودێری و پشتڕاستکردنەوە، و بۆ رووناککردنەوەی راپۆرت و تۆمەتەکان بە شێوەیەکی شەفاف."
دووجاریک دەشڵێت، گێر پیدەرسن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ سووریا بەیانیی رۆژی دووشەممە، "ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی لە راوێژە نهێنییەکاندا ئاگادار کردەوە لەبارەی ئەم پێشهاتانە و ئامادەیە بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکان بەرەو گواستنەوەیەکی سیاسیی گشتگیر و سووری-خاوەن و سووری-رابەر بەپێی بنەماکانی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش."
دوای رووخاندنی ئەسەد، شەرع بەڵێنی پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکانی سوننە، عەلەوی، کورد، دروز، کریستیان، ئەرمەن و شیعەکانی دا.
حکومەتەکەی بە زوویی پێشوازییان لە ژمارەیەکی زۆری شاندە بیانییە رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییەکان کرد، خۆیشی سەردانی چەند وڵاتێکی کرد. دوای سێ مانگ خۆشیی نەمانی ئەسەد خەریکە بە ترس و تۆقین دەگۆڕێت، ئەمەش دوای ئەو پێکدادانەی لە لازقییەوە دروستبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ