گالەری

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
19 Photos
راوچی حەسەن @Rawchihasan
‎رووداو دیجیتاڵ  
 
‎ئەمە یەکێک لە کۆنترین ژێردەریاییەکانی سەردەمی دوای  جەنگی جیهانی دووەمە و ئێستا وەک مۆزەخانەیەکی نیشتمانی لە شاری برێمەرهاڤن لە ئەڵمانیا پیشانی گەشتیاران دەدرێت. 
 
‎ژێردەریایەکە ناوی "ویلهێلم باوە"ـیە ، لە قەراخ دەریایەک لە شاری برێمەرهاڤن ـی ئەڵمانیا دانراوە، رۆژانە بەشێک لەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو شارە دەکەن، دەچنە نێوی و چێژ لە دیمەنەکانی وەردەگرن. 
 
‎ژێردەریاییەکە هەر بە ناوی دیزایینەرەکەیەوە ناونراوە "Wilhelm Bauer". 
 
‎ئەم ژێردەریاییە لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم دروستکراوە و هێزی دەریاوانیی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی سنوورەکانی بەکاریهێناوە، پێشیان گوتووە "فیلەکەی ژێردەریا."
 
‎کە لە ژوورەوە سەیری ژێردەریاییەکە دەکەی سەرسام دەبی بەو کەرەستانەی لە دروستکردنیدا بەکارهاتوون، 58 کەس بە بەردەوامی لەنێو ژێردەریایەکەدا کاریان کردووە، بەشێک لە کەلوپەلی سەربازەکان هێشتا وەکو خۆیان ماون و لەنێو ژێردەریایەکەدا پارێزراون. 
 
‎لەنێو ژێردەریایەکەدا هێشتا ئەو مووشەکانە ماون، کە لەکاتی شەڕدا ویستوویانە بەکاریان بهێنن، بەهەمان شێوە ژووری خەوی سەربازەکان و بەشێک لە کەلوپەلی رۆژانەیان. 
 
‎لەنێوان ساڵانی 1906 - 1945 ، ئەڵمانیا 1183 ژێردەریایی دروستکردووە، لەنێوان ئەو ساڵانە (جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی) 739 ژێردەریایی بەهۆی شەڕەوە تێکشکێنراون. 
 
‎ژێردەریایەکە درێژیەکەی 67.1 مەتر و پانیەکەی 6.2 مەترە. لەژێرئاودا 865 تۆن و لەسەر ئاو 761 تۆن بووە.