رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، پار 214 هەزار تاوانی تووندوتیژی لەو وڵاتەدا کراون و ئەوەش لە 15 ساڵی رابردوودا زۆرترین ژمارەی تاوان بووە لە ساڵێکدا.
بە گوێرەی پۆلیسی ئەڵمانیا، ساڵی رابردوو 214 هەزار و 99 تاوانی تووندوتیژییان لەلا تۆمارکراوە، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە پێرار 8.6٪ زیاتر بووە.
تاوانی تووندوتیژی ئەو تاوانەیە کەسێک دەیکات و، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە کەسێک یان پێداویستییەکانی.
پۆلیسی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو تاوانە تووندوتیژیانەی ساڵی رابردوو کراون 154 هەزار و 541ـیان مەترسییان بۆسەر گیانی کەسێک یان زیاتر هەبووە. ئەوەش زۆرترین ژمارەی تاوانی مەترسیدار بووە لە مێژووی وڵاتەکەدا.
پۆلیسی ئەڵمانیا ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی 2023 رێژەی زیانگەیاندنی بەئەنقەست بە ماڵ و موڵکی خەڵکی بەراورد بە ساڵی پێشتر 7.4٪ زیادیکردووە، لەو ساڵەدا 429 هەزار و 157 تاوانی لەو جۆرەیان تۆمارکردوون.
41.3٪ـی گومانلێکراوانی پار لە ئەڵمانیا، هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانیا نەبوون.
بە گوێرەی پۆلیسی ئەڵمانیا، کۆی ژمارەی ئەو تاوانانەی پار لەو وڵاتەدا تۆمارکراون پێنج ملیۆن و 940 هەزار بووە کە بە رێژەی 5.5٪ لە پێرار و بە رێژەی 9.3٪ لە 2019 زیاتر بوون.
پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەو تاوانانە کردووە و دوو ملیۆن و 246 هەزار گومانلێکراوی دەستگیرکردووە، کە 41.3٪ـیان هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانیا نەبوون.
بەگوێرەی ئۆفیسی ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە 84.7 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە 18٪ـیان پەنابەر و پەناخوازن. پار 700 هەزار کۆچبەر چووبوونە ئەو وڵاتە.
بە گوێرەی ئامارەکانی پۆلیس، پار ملیۆنێک و 971 هەزار رووداوی دزیکردن لەو وڵاتەدا تۆمارکراون، ئەو تاوانەش بەراورد بە پێرار 10.7٪ زیاتر بووە.
بەرلین لەنێو هەرێمەکانی ئەو وڵاتەدا زۆرترین دزی تێدا کراوە، دوای ئەویش هەرێمەکانی بریمەن، هامبۆرگ و زاکسۆنی ئەنهاڵت دێن؛ باڤاریاش کەمترین دزی تێدا کراوە.
هۆکارەکانی زیادبوونی تاوان لە ئەڵمانیا چین؟
هەربێرت رەول، وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆرس راین ڤێستیفالیا هۆکاری تاوانەکانی بۆ گۆڕانی شێوازی بیرکردنەوەی هاووڵاتییان گەڕاندەوە و گوتی، لای بەشێکی زۆری هاووڵاتیان "گرژییەکان بە خێرایی و بە توڕەیی چارەسەر کراون، نەوەک گفتوگۆ."
هەروەها دانیێلا بەهرینس، وەزیری ناوخۆی هەرێمی زاکسۆنی خواروو رایگەیاند، زیادبوونی هەڵاوسان، جووڵەی دوای نەمانی رێوشوێنەکان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیادبوونی کۆچبەران لە هۆکارە دیارەکانی زیادبوونی تاوانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ