کۆڕبەندی مۆسکۆ؛ رووسیا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان فراوان بکات

05-10-2024
کامیز شەدادی
رووسیا تاڵیبان لە لیستی تیرۆر دەهێنێتە دەرەوە
رووسیا تاڵیبان لە لیستی تیرۆر دەهێنێتە دەرەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند "رووسیا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان فراوان بکات". 
 
شەشەمین کۆڕبەندی مۆسکۆ لەبارەی ئەفغانستان لە رووسیا سازکرا. تێیدا نوێنەرانی باڵای 10 وڵات، لە "فۆروومی مۆسکۆ بۆ راوێژکاری لەبارەی ئەفغانستان" لەبارەی بابەتەکانی پێشخستنی پرۆسەی لێکتێگەیشتنی نەتەوەیی ئەفغانستان و، پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە و کابوول، گفتووگۆیان کرد. 
 
"رووسیا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان فراوان بکات"
 
لە کۆبوونەوەکەدا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان فراوان بکات.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: دەمەوێت جارێکی دیکە جەخت لەسەر هەوڵەکانی خۆمان چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانی ئەفغانستان بکەمەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئەمە، ئێمە کۆڕبەندی ئەفغانستان سازدەکەین و میکانیزمی دیدارەکانی وڵاتانی دراوسیش پێشدەخەین. ئێمە لەو باوەڕەداین میکانیزمەکانی هەرێمەکە بە یەکخستنی هەوڵەکان، دەتوانن ئەنجامی گرنگ بەدەستبهێنن".
 
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێشخستنی پڕۆژەکانی "بیناسازیی هەرێمی" پێویستی بە بەشداریی ئەفغانستانە. 
 
رووسیا تاڵیبان لە لیستی تیرۆر دەهێنێتە دەرەوە
 
زامیر کابوولۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ ئەفغانستان رایگەیاند: لە رووسیا پرۆسەی دەرخستنی تاڵیبان لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەرەو کۆتاییە، وەکو پرەنسیپ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی باڵای رووسیا بڕیار لەسەر ئەمە دراوە و پەسند کراوە، بەڵام بە گشتی ئەم پرۆسەیە دەبێت لە چوارچێوەی یاساکانی رووسیا ئەنجامبدرێت، ئەمەش پێویستی بە کارێکی گەورە هەیە لەلایەن یاساناس و پەرلەمانتار و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە". 
 
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان، رایگەیاند، ئەفغانستان ئیدی وڵاتێکی ئاسایشە و گرووپە تیرۆریستییەکان تەنیا لە دەرەوە دەچنە وڵاتەکەیان. 
 
"رێگە بگرن لە هەڕەشەکانی دەرەوە لەسەر ئەفغانستان"
 
نوێنەری وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان ئەمیرخان مۆتاکی گوتی "لە راستیدا لە ئەفغانستان هیچ گرووپێک نییە ببێتە هەڕەشە لەسەر وڵاتانی دیکە، ئێمە لەم کۆبوونەوەیەشدا هەموومان داوامان کرد رێگە لە هەڕەشەکانی دەرەوە بگیرێت لەسەر ئەفغانستان. رێگە لە هەموو ئەوانە بگیرێت کە لە دەرەوە پێ دەنێنە نێو ئەفغانستان و خراپەکاری دەکات. بەداخەوە بۆ ئەو قسانەی دەکرێن و دەڵێن، داعش لە دەرەوە موڵکی ئەفغانستانە، داعش هیچ شوێنێکی لە ئەفغانستان نییە". 
 
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئێستا ئەفغانستان پێویستیی بە هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی هەیە و نابێت هاوکارییەکان بەسیاسی بکرێن. 
 
دوای کۆبوونەوەکەش، راگەیێنراوێکی هاوبەش پەسندکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە