وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لە زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانی باکووری سووریا نیگەرانین

05-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا لەو "نیگەرانییە شەرعییانە" تێدەگات، کە پەکەکە خستوویەتییە سەر تورکیا. دەشڵێت ئەمریکا نیگەرانە لە زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن راگەیاند "ئێمە، لەو نیگەرانییە شەرعییانە تێدەگەین، کە پەکەکە خستوویەتییە سەر تورکیا، ئەمریکا نیگەرانە لە زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا، نیگەرانین لە زیادبوونی کاریگەرییەکان لەسەر خەڵکی سیڤیل و ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ تێکشکاندی داعش".
 
پاتێڵ گوتیشی "ئێمە، بەردەوام دەبین لە هاندان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هێشتنەوەی ئاگربەست وەکو کۆڵەگەیەکی سەرەکیی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەردەوام دەبین لە هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیا، ئەوان [تورکیا] پێویستە لەگەڵ عێراق هاوئاهەنگی بکەن بەشێوەیەک کە پاڵپشتی لە سەروەریی عێراق دەکات و رێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت."
 
پاتێڵ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتیشی "ئەمریکا پاڵپشتی تورکیای هاوپەیمانمان لە ناتۆ و گەلی تورکیا لە شەڕەکەیان لەگەڵ پەکەکە دەکات، کە وەکو گرووپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە لەلایەن ئەمریکاوە."
 
کاژێر 09:30 خولەکی رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشکرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا. دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن هێرشەکەیان کردووە.
 
لەبەرامبەردا ئێوارەی چوارشەممە (4-10-2023) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی لەگەڵ هاوشانە قوبرسییەکەیدا باسی لە دوایین پێشهاتی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر بارەگای ئاسایشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە کرد. 
 
هاکان فیدان گوتی "لە ئەنجامی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکانمان، دەرکەوت هەردوو تیرۆریستەکە لە سووریا هاتوون و هەر لەوێش مەشقیان کردووە." گوتیشی ''لەمەودوا گشت دامەزراوەکانی ژێرخان و سەرخان و دامەزراوەکانی وزەی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە بەتایبەتی لە عێراق و سووریا ئامانجی رەوای هێزە ئەمنییەکان، سوپا و دەزگای هەواڵگرییمانن."
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، لە وەڵامی هاکان فیدان رەتیکردەوە هێرشکارەکان لە ناوچەکانی ئەوانەوە چووبنە تورکیا و، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد رێوشوێنی گونجاو لەبەرامبەر هەڕەشە دووبارەبووەوەکانی تورکیا بگرنەبەر و گەرەنتی ئاشتی و سەقامگیری بکەن.
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان: 
 
رووداو: سوپاس، پاتێڵ، هێزەکانی نزیک لە ئەمریکا، هێزەکانی سووریای دیموکرات رەتیانکردەوە کە لە هێرشەکەی ئەم دواییەی تورکیا تێوەگلابن، هەروەها فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی لە توویتێکدا دەڵێت، "تورکیا بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی شەرعیەت بە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکە بدات". داواش لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی گونجاویان هەبێت بۆ ئەو ئامادەکارییەی تورکیا دەیکات بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باکووری رۆژئاوای سووریا. لێدوان و هەڵوێستی تۆ لەسەر ئەوە چییە؟ 
 
ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێمە لەو نیگەرانییە شەرعییانە تێدەگەین کە پەکەکە خستوویەتییە سەر تورکیا، ئەمریکا نیگەرانە لە زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا، نیگەرانین لە زیادبوونی کاریگەرییەکان لەسەر خەڵکی سڤیل و ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ تێکشکاندنی داعش؛ ئێمە بەردەوام دەبین لە هاندان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هێشتنەوەی ئاگربەست وەکو کۆڵەگەیەکی سەرەکیی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەردەوام دەبین لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ تورکیا و ئەوان [تورکیا] پێویستە لەگەڵ عێراق هاوئاهەنگی بکەن بەشێوەیەک کە پاڵپشتی لە سەروەریی عێراق دەکات و رێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە