رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی مانگێک لە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، رەنگە حکومەتی ئەڵمانیا "یاسای پاراستنی کەسی" بۆ هەندێک لە پەنابەرانی سووریا رەتبکاتەوە و رەوانەی وڵاتەکەیان بکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، نانسی فیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، ژمارەیەک لە پەنابەرانی سووریا لە ئەڵمانیا لە ڕێگەی یاسای پاراستنی کەسی، مافی پەنابەرێتییان وەرگرتووە، رەنگە ئەوانە بنێردرێنەوە، ئەمەش بەهۆی نەمانی ئەو رژێمەی کە بەهۆیەوە ئەو سووریاییانە مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا وەرگرتووە.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە: "وەک یاسای وڵاتەکەمان دیاریکردووە، نووسینگەی فیدرالی پەنابەران و ئاوارەکانی ئەڵمانیا، هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە، بە کەیسی ئەو پەنابەرە سووریاییانە بکەنەوە کە چیدیکە پێویستیان بە مافی پاراستن نییە و رەنگە ئەو مافەیان لێ وەربگرینەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دۆخی سووریا سەقامگیر بووەتەوە."
نانسی فیسەر ئاماژەی بەوە داوە، ئەو بڕیارە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە مافی مانەوە نایانگرێتەوە لەسەر بنەمای کارکردن یان راهێنان بۆ کارکردن یاخوود ئەوانەی بە ئارەزووی خۆیان ناگەڕێنەوە. بەڵام ئەوانەی بەباشی تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەڵمانیا بوون، کار دەکەن، زمانی ئەڵمانی فێربوون و پێگەی خۆیان جێگیر کردووە، دەتوانن بمێننەوە.
ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو 13 وڵاتە ئەورووپییەی لەگەڵ رووخانی بەشار ئەسەد، بڕیاری راگرتنی پێدانی مافی پەنابەری بەکۆچبەرانی سووریا راگرت.
نانسی فیسەر رایگەیاند، ئەوان هاوکاری و کارئاسانی بۆ ئەو پەنابەرە سووریاییانە دەکەن کە دەیانەوێت لەسەر داوا و ویستی خۆیان بگەڕێنەوە و ئەو پەنابەرانەشی پێشینەی تاوانیان هەیە یان پەڕگیرن، دەبێت راستەوخۆ دیپۆرت بکرێنەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئێستا نزیکەی 975 هەزار سووریایی لە ئەڵمانیا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ