لە کێڵگەیەکی نیوزلاند مەڕەکانیان بە میوزیکی مۆزارت ئارام دەکەنەوە

05-11-2023
ئارامکردنەوەی ئاژەڵەکان بە میوزیک
ئارامکردنەوەی ئاژەڵەکان بە میوزیک
نیشانەکردن مەڕ نیوزلاند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کێڵگەیەکی نیوزلاند، هەڵسوکەوتێکی تایبەت لەگەڵ مەڕەکان دەکرێت، لەنێو کۆتانەکاندا بۆ ئەوەی مەڕەکان ئارام بکەنەوە، میوزیکی مۆزارتیان بۆ لێدەدەن.
 
خاوەنی کێڵگەکە هەوڵدەدات مەڕەکانی ژیان و خورادنیان باش بێت و دڵەڕاوکێیان نەبێت، بۆ ئەوەی لە کاتی بڕینەوەی خووریەکیانیان، بەبێ سترێس خۆیان بە دەستەوە بدەن و کوالێتتی بەرهەمەکەشیان باش بێت.
 
جاستین رۆس، خاوەنی کێڵگەکەیە، دەڵێ "ئێمە، بڕیارماندا بە چاوێکی دیکە لە بڕینەوەی مەڕەکان بڕوانین. هەوڵمان داوە پرۆسەی بڕینەوەی مەڕەکان لەسەرخۆ بێت. پێمانوایە باشترە کە گرنگی بە هێمنی و ئاسوودەیی مەڕەکان بدرێت. ئەمە بۆ ئەوانەش باشە کە مەڕەکان دەبڕنەوە، داوایان لێناکرێت رۆژانە پابەند بن بە بڕینەوەی ژمارەیەکی دەستنیشنکراو مەڕ. هەستمان کردووە ئەمە تەنانەت کاریگەری لەسەر کوالێتیی بەرهەم و خورییەکەشیان هەیە."
 
جاک مانسفێڵد کە هەندێکجار مەڕەکان دەبڕێتەوە، دەڵێ بە رووخۆشی مامەڵە لەگەڵ مەڕەکاندا دەکات، رێگەیان پێدەدات لەسەرخۆ رێبکەن و بێنە شوێنی بڕینەوە. زۆر بە وریاییەوە دەست لە مەڕەکان دەدات و لەسەر دۆشەکێکی نەرم رایاندەکشێنێت، بە نەرمیش ئامێرەکانی بڕینەوە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پێستیان هیچی لێ نەیەت.
 
جاک مانسفێڵد، بەڕێوەبەری کێڵگەی هاوییا لە نیوزلاندا دەڵێ "لە کێڵگەکەماندا ئێمە، زیاتر بایەخ بە چۆنییەتی ژیانی ئاژەڵەکان دەدەین. لەبەرئەوەش خێرایی بڕینەوەی مەڕەکان بۆمان گرینگ نییە. بەم شێوازە رەنگە رۆژانە 50 مەڕی کەمتر ببڕینەوە و چەند سەد دۆلارێک لە گیرفانمان کەمدەبێتەوە، بەڵام دوای کارەکەمان قەرەبوومان دەکەنەوە."
 
لێدانی میوزیک، یەکێکی دیکەیە لەو کارانەی لەم کێڵگەیەدا بۆ هێمنکردنەوەی مەڕەکان بەکاردێت.
 
جاستین رۆس باسی ئەوە دەکات "هەندێ جار ئێمە میوزیکی مۆزارت بۆ مەڕەکان لێدەدەین. هەندێک کارگەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی ئەم کارە دەکەن بۆ ئەوەی مەڕەکان هێوربکەنەوە. ئەو کارانە تاقیدەکەینەوە بۆ ئەوەی دڵەڕاوکێی مەڕەکان کەمبکەینەوە و هێمنتر و خۆشحاڵتر بن."
 
نیوزلاند بە ژمارەی زۆری مەڕەکانی بەنێوبانگە، کە لە ساڵی 2002ـدا ژمارەیان 40 ملیۆن بوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ 25 ملیۆن مەڕ دابەزیوە؛ گۆڕانکاری کەشوهەوا و هەرزانیی نرخی جیهانیی خوری، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئاژەڵدارەکان ساڵ لە دوای ساڵ مەڕی کەمتر بەخێوبکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە