گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دووریی 100 کیلۆمەتر لە قاهیرەی پایتەختەوە، یەکێک لە شارە سەرەنجڕاکێش و سەوزەکانی میسر دەبینرێت، کاتێک رێگەی بیابانی نێوان ئەو دوو شارە تەواو دەبێت و دەگەیتە سنووری فەیوم، وەک ئەوەی دوو دنیای تەواو جیاواز ببینی، هیچ شوێنێک نامینێت سەوز نەچێتەوە.
 
رووبارێک بەنێو شارەکەدا تێپەڕ دەبێت، تەواوی جووتیارانی ناوچەکە سوود لە ئاوەکەی وەردەگرن، چەندین ئامێری ناعوور لەسەر رووبارەکە دەبینرێن، تەمەنی ناعوورەکان سەدان ساڵە، ئەو ناعوورانە بەشێوەیەکی سادە، بێ ئەوەی پێویستی بە کارەبا و هیچ تەکنەلۆژیایەکی نوێ بێت، بە بەردەوامی و بێ وەستان ئاو لە رووبارەکەوە بۆ نێو زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگوازێتەوە.
 
ژیانی بەشی زۆری شارەکە لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە، هەر خێزانێک لەگەڵ کاری کشتوکاڵی چەند مانگا و گامێش و ئاژەڵی ماڵی دیکە بەخێودەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی شارەکە لەنێو بازاڕ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی خۆیان دەفرۆشن.
 
پارێزگای فەیوم، کە ئێستا ژمارەی دانیشتووانەکەی 4 ملیۆن و 153 هەزار کەسە، لە سەردەمی دەسەڵاتی فیرعەونەکان ماوەیەک پایتەختی میسر بووە، دوایی ناو نراوە بورسین بە واتای ماڵی تیمساح، چونكە لەو سەردەمەدا تیمساح پەرستراوە، ئێستاش پەیکەری تیمساح لە شارەکەدا هەیە.