رووداو دیجیتاڵ
گۆڤاری بلوومبێرگی ئەمریکا کە تایبەتە بە پرسە ئابووری و داراییەکان بڵاویکردەوە، رۆژێک دوای راگەیاندنی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیهاندا لەلایەن ئەمریکاوە، سامانی 500 دەوڵەمەنترین کەسانی جیهان 208 ملیار دۆلار کەمیکرد.
ئاژانسە ئەمریکییەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتاندا زۆرترین زیانی بە ملیاردێرە ئەمریکییەکان گەیاندووە، لەنێویاندا مارک زەکەبێرگ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا و جێف بیزۆس، بەڕێوبەری کۆمپانیای ئەمەزۆن کە زۆرترین سامانیان لەنێو ملیاردێرەکانی جیهاندا لەدەستداوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، زیاتر لە نیوەی ئەو ملیاردێرانەی جیهان کە لەلایەن ئاژانسەکەوە چاودێری دەکرێن سامانی هەر یەکەیان بە تێکڕا 3.3٪ کەمیکردووە. هەروەها، سامانی 500 دەوڵەمەندترین کەسانی جیهانیش 208 ملیار دۆلار کەمیکردووە.
ئەوانەی زۆرترین سامانیان لەدەستداوە:
مارک زۆکەبێرگ، 17.9 ملیار دۆلار
ئیلۆن مەسک، 11 ملیار دۆلار
بێرنارت ئەرنۆلت، 6 ملیار دۆلار
تۆبیاس لەتک، 1.5 ملیار دۆلار
ئێرنست گارسیا، 1.4 ملیار دۆلار
ژانگ کۆنگیوان، 1.2 ملیار دۆلار
رۆژی چوارشەممە، دووی نیسانی 2025، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی یار و نەیاردا سەپاند. کەمترینی 10٪ و زۆرترینیشی سەروو 40٪ بوو. عێراق، تورکیا، ئێران، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و چین لەنێو لیستی ئەو وڵاتانەدان، کە ترەمپ پێناسی گومرگی بەسەردا سەپاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ