رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسپانیا دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی لافاوەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 211 کەس. حکومەت بڕیاریداوە هەزاران سەرباز و پۆلیسی زیاتر بۆ پارێزگای ڤالێنسیا بنێرێت.
رۆژی شەممە 02-11-2024 پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکە گەیشتە 211 کەس.
سانچێز گوتیشی، 10 هەزار سەرباز و پۆلیسی دیکە بۆ ناوچەکانی ڤالێنسیا بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان دەنێردرێن.
رۆژی 28-10-2024 لە ئەنجامی زریانێکی دەریای نێوەڕاست، بڕێکی زۆر باران لە شاری ڤالێنسیا لە رۆژهەڵاتی ئیسپانیا باری و لافاوێکی وێرانکەری دروستکرد. جگە لەوانەی گیانیان لەدەستداوە و دۆزراونەتەوە، دەیان کەسی دیکە بێسەروشوێنن.
نزیکەی هەموو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە ڤالێنسیان. تیمە فریاگوزارییەکانیش لە لابردنی داروپەردوو و خاوێنکردنەوەی لیتە، بەردەوامن.
سانچێز لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەمە دووەم گەورەترین کارەساتی ئەورووپایە لەم سەدەیە روویدابێت؛ گوتیشی، حکومەتی ئیسپانیا داواکارییەکی بەرپرسانی ڤالێنسیای پەسندکرد، کە داوای 5000 ئەندامی فریاگوزاریی کردبوو؛ 5000ـی دیکەشیان بۆ دەنێردرێت.
ئەمە جووڵەپێکردنی زۆرترین ژمارەی سەرباز و پۆلیسە لەکاتێکدا هیچ جەنگێک لە ئیسپانیا نییە.
پێشبینیی دۆزینەوەی تەرمی زیاتر دەکرێت.
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە خەڵکێکی زۆر بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە. سەدان هەزار ماڵیش بێکارەبان.
هاووڵاتییان گلەیی ئەوە دەکەن سیستمی ئاگادارکردنەوەی کارەساتەکان درەنگ هۆشداری داوە و دەڵێن، ئەگەر زووتر ئاگادار کرابانایەتەوە، زیانەکان کەمتر دەبوون؛ هەروەها گلەیی ئەوە دەکەن وەڵامدانەوەی حکومەت بۆ کارەساتەکە، زۆر خاوە.
لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، "دەزانم وەڵامی حکومەت بەشی پێویست نییە؛ چەندین کێشە و کورتهێنان هەن. شارۆچکەکان بە لیتە داپۆشراون و خەڵکیش بەدوای کەسوکاریاندا دەگەڕێن."
سوزانا کامارێرۆ، جێگری سەرۆکی هەرێمی ڤالێنسیا بە رۆژنامەڤانانی گوت، لە یەکەم رۆژی لافاوەکەوە هاوکاریی مرۆیی گەیێندراونەتە خەڵک، خەڵکیش مافی خۆیەتی داوای زیاتر بکات.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی زیانبەرکەوتووەکە رێگە سەرەکی و خێراکانیان بەڕووی خەڵکدا داخستووە، ئەوەش بۆ ئەوەی تیمە فریاگوزارییەکان بتوانن بە باشی بگەڕێن و تیمە مرۆییەکانیش بە زوویی هاوکارییەکان بگەیێنن.
جگە لە نەبوونی کارەبا، هێڵەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێتیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە و پەیوەندیکردن زۆر قورسە.
فێرناندۆ گراندێ مارلاسکا، وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی گیانلەدەستدان و دۆزینەوەی تەرمی زیاتر دەکرێت.
وەزیری ناوخۆ هیوای خواست، لەگەڵ چاکبوونەوەی هێڵەکانی پەیوەندی، ژمارەی بێسەروشوێنبووەکان کەم بێتەوە.
وێنەکان: AFP