رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە [بەرەبەیانی چوارشەممە 02-10-2024 بەکاتی هەولێر]، بەربژێرانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا؛ تیم وۆڵزی دیموکرات و جەی دی ڤانسی کۆماری لە دیبەیتێکی 90 خولەکی لە نیویۆرک بەرامبەر یەکدی وەستان.
دەکرێت ئەمە دوایین دیبەیتی سەرۆکایەتی بێت، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان رەتیکردەوە دیبەیتێکی دیکە لەگەڵ هاریس بکات.
هەردوو بەربژێرەکە لە رێگەی بەرگریکردن لە هەڵمەتەکانی خۆیان و هێرشکردنە سەر یەکدی هەوڵی رازیکردنی خەڵکیان دا کە دەنگیان پێبدەن.
گرنگترین ئەو خاڵانەی لە دیبەیتەکە مشتومڕی لەسەرکرا بریتیی بوون لە:
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وۆڵزی جێگری هاریس گوتی، ئەمریکا پێویستیی بەوەیە هێزی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت. ڤانسی رکابەریشی گوتی، ئەوە دەکەوێتە سەر ئیسرائیل کە بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر ئێران یان نا، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ شەو ئێران 180 مووشەکی بالیستیی ئاراستەکرد.
گۆڕانی کەشوهەوا
ڤانس گوتی، ئەو زیانانەی بەهۆی زریانی هێلینەوە کەوتوونەوەتە تراژیدیای گەورەی مرۆیین. وۆڵزیش جەختی لە کارە "پێشکەوتووەکان"ـی هاریس کرد کە بۆ باشترکردنی کەشوهەوای کردووە. وۆڵز هەروەها لەسەر لێدوانێک هێرشی کردە سەر ترەمپ، کە گوتبووی "گۆڕانی کەشوهەوا شتێکی هەڵخەڵەتێنەرە."
کۆچبەران
بەربژێرەکەی دیموکرات دووبارە لەسەر سیاسەتی ترەمپ لە دژی کۆچبەران قسەی کرد، ئەو رەخنەی لە بڕیارێکی ترەمپ گرت کە "رێککەوتنێکی نێوان هەردوو پارتەکەی لەبارەی کۆچبەران" رەتکردەوە. لەلایەکی دیکە، ڤانس هێرشی کردە سەر ئیدارەی جۆ بایدن و کامالا هاریس کە "نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی سنوور" بکەن.
ئابووری
بەربژێرە گەنجەکەی کۆمارییەکان گوتی، هەر لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆک [ئەگەر دەرچێت] پلانی ئابووریی ترەمپ دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی قەیرانی گرانبوونی شتومەک. ترەمپ پێشتر چەندجارێک باسی ئەوەی کردووە، ئەگەر ببێتەوە سەرۆک، باجی گومرگی زیاد دەکات و ملیۆنان کژۆچبەری نایاساییش دیپۆرتی ئەودیو سنووری ئەمریکا دەکاتەوە. تیم وۆڵز، بەرگریی لە پێشنیاز و پلانەکانی هاریس کرد و گوتی: "هاریس بڕاوی بە چینی مامناوەندی کۆمەڵگە هەیە، ئەو نرخی خانووبەرە و باج کەمدەکاتەوە."
لەباربردنی منداڵ
وۆڵز بەرگریی لە یاسای لەباربردنی منداڵ کرد و گوتی: "هەڵمەتی ئێمە لای ژن دەگرێت، لایەنگری ئەوە دەکات کە ژن خۆی بڕیار [لەسەر جەستەی خۆی] بدات." لەلایەکی دیکە، جەی دی ڤانس، سیناتۆری ویلایەتی ئۆهایۆ گوتی، ئەوان لایەنگریی خێزان دەکەن و باسی ئەو سیاسەتانەی کرد کە وا دەکات خێزانەکان بیر لە وەچەخستنەوەی زیاتر بکەنەوە و "بژاردەی زیاتر"ـیان هەبێت.
لە ساڵی 2024 دیبەیتی یەکەمی سەرۆکایەتی لە مانگی حوزەیران لە نێوان ترەمپ و بایدن بەڕێوەچوو، دیبەیتی دووەم لە نێوان هاریس و ترەمپ لە مانگی ئەیلوول کرا. ئەمەش یەکەم دیبەیتی جێگرەکان و رەنگە دوایین دیبەیتی ئەو رکابەرییەی نێوان دوو پارتەکە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ