رووداو چین
ئەمساڵ فێستیڤاڵی نیوەی پاییز و رۆژی نیشتمانیی چین کەوتنە نێو هەمان هەفتەوە کە بە هەفتەی زێڕین دەناسرێ و چیینیەکان لەم هەفتەی ساڵدا لە پشووی فەرمیدا دەبن، بەهۆی نەمانی رێکارەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆناش پێشبینی دەکرێت ژمارەی گەشتیاری نیوخۆیی ئەمساڵ دووهێندەی پار بێت، کە 400 ملیۆن کەس بوو.
بەشی فڕۆکەوانیی مەدەنی چینی لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند ئەمساڵ لەو حەوت رۆژەدا زیاتر لە 21 ملیۆن کەس بە فڕۆکە گەشت دەکەن، کە رۆژانە 17 هەزار گەشتی نیوخۆیی و 14 هەزار گەشتی نیودەوڵەتی دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، چیینیەکان زیاتر بە شەمەندەفەری خێرا و ئاسایی گەشت لە نێوخۆی چیندا دەکەن. لە هەفتەی زێڕیندا ژمارەی گەشتیاران بە شەمەندەفەر بە 190 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، ئەمە جگە لەوانەی لە رێگەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیانەوە گەشت دەکەن.
لە ساڵی 2019 چینییەکان 255 ملیار دۆلاریان لە گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەیان خەرجکردووە، کە 60٪ـی ئەو گەشتانە لە رێگەی گرووپەوە لە لایەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە رێکخراوە.
پەکین، پایتەختی چین لەم رۆژانەدا جمەی دی لە گەشتیارانی نێوخۆیی، هەرچەندە رێکاری پێوست گیراونەتەبەر، بەڵام لەبەر زۆریی ژمارەی گەشتیاران و قەرەباڵخی، گرفتی هاتووچۆ لە هەندێک شوێندا دروستبووە. گەشتیاران لە پەکین سەردانی چوارگۆشەی تیانمێن، شاری قەدەخەکراو و دەرگای ژێنگ یانگ دەکەن، کە دەکەونە نێو بازنەی یەکەمی پەکینەوە.
پەکین، لە هەشت رێگەی ئەڵقەیی پێکدێت، لە بازنەی یەکەمی پەکین هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێل راگیراوە تەنیا بە میترۆ گەشتیاران دەتوان هاتووچۆ بکەن.