رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 01-09-2023 یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنە لە رووسیا. ڤلادیمیر پووتین چووە یەکێک لە قوتابخانەکانی مۆسکۆ و دیداری لەگەڵ 30 لە قوتابییە پێشەنگە هەڵبژێردراوەکانی رووسیا کرد و داوای خۆشویستنی وڵاتەکەی لە منداڵان کرد.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی، "رووسیاتان خۆشبووێت و بیبەستنەوە بە مێژوو، نەریت، خێزان و خاکی باو و باپیرانتانەوە. هەموو ئەوە پێویستە پێکەوە پیشان بدرێت لە گۆشەی جیاوازەوە. پێویستە ئەوە بە جوانی و سەرنجڕاکێشییەوە بکرێت، بە جۆرێک قوتابییان پێی سەرسام بن."
رووسیا لە رێگەی زیادکردنی وانەیەکی تایبەتەوە لەبارەی مێژووی وڵاتەکە و هۆکارەکانی شەڕکردن لەگەڵ ئۆکراینا مەبەستیەتی خۆشەویستیی وڵاتەکە لای قوتابییان زیاد بکات.
ئەمساڵ وانەکە بەناوی سەلامەتیی ژیانە و بۆ قوتابییانی قۆناخی 10 و 11 بەردەست دەبێت.
ئیلینا سۆباچکینا، مامۆستای سەلامەتیی ژیان و راهێنانی فیزیکی دەڵێت، "لە دەستپێکی ئەمساڵەوە، وانەی سەلامەتیی ژیان دەخوێندرێت کە راهێنانە سەرەتاییەکانی سەربازییان پێ دەکرێت. قوتابییان فێردەکرێن خزمەتی سەربازی چییە و فێردەبن بزانن خزمەتکردن لە ریزی هێزە چەکدارەکان چییە. وانەی کرداری و تیۆریمان لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار دەبێت."
کەم نین ئەوانەی لەنێو رووسیادان و لەگەڵ شەڕی نێوان وڵاتەکەیان و ئۆکراینا نین، بەڵام ئەوانەش زۆرن کە پێیانوایە مۆسکۆ هیچ رێگەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەمابوو بۆ رێگەگرتن لە بەرفراوانبوونی ناتۆ لە نزیک سنوورەکانی بە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە نەبووایە.
تاتیانا باربانۆڤا، مامۆستای مێژوو ئاماژە بەوە دەکات، "کتێبە نوێیەکە نموونەی زیندووی ئازایەتی و قارەمانیی تێدایە لەبارەی کەسانی نیشتمانپەروەرمان لە قۆناخە جیاوازەکاندا. ئەو نموونانە زۆر بە روونی پیشان دەدرێن بۆئەوەی گەنجەکانمان لە قۆناخی سەختی ئەمڕۆ تێ بگەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ