لە نێوان سعودیە و ئەمریکادا، دیبرۆین رووگەی خۆی دیارییکردووە

دوێنێ کاژێر 09:04
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کیڤن دبیرۆین یانەی مانچێستەر سیتی خولی سعودیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە کیڤن دیبرۆین، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی، لە نێوان سعودیە و ئەمریکادا، رووگەی داهاتووی خۆی دیارییکردووە.
 
گرێبەستی دیبرۆین لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو ئەستێرەیە لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت یان دەڕوات، بەتایبەت کە بەرپرسانی سیتی ویستی بەردەوامبوونی ئەو یاریزانەیان هەیە و دەیانەوێت گرێبەستەکەی نوێبکەنەوە.
 
داهاتووی دیبرۆین نادیارە، پێشتر یانەکانی سعودیە و ئەمریکا، ویستی خۆیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە ئاشکرا کردووە.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، دیبرۆین داهاتووی خۆی یەکلاکردووەتەوە، بەلایەوە باشە روو لە خولی ئەمریکی بکات نەک سعودیە. ئەگەر گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتی نوێنەکردەوە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە کە دانوستاندنی سەرەتایی لە نێوان دیبرۆین و بەرپرسانی یانەکی سان دیێگۆی ئەمریکی روویداوە. هەردوولا بایەخیان بەگرێبەستەکەداوە، بەڵام ئەو سەرچاوانە هاوکات ئەوە رەتدەکەنەوە کە یانە ئەمریکییە ئامادەبێت مووچەی 20 ملیۆن دۆلاری ساڵانە بە دیبرۆین بدات.
 
لە بەرامبەر هەوڵی ئەو یانە ئەمریکییەدا، پێشتر چەندینجار مایکڵ ئیمیلیانۆی بەڕێوەبەری وەرزشی لە خولی سعودیە ویستی خۆی بۆ بردنی ئەو یاریزانە بەلجیکییە بۆ یانەکە راگەیاندووە، بەڵام یاریزانەکە ویستێکی بەرچاوی بۆ پەیوەندیکردن بەخولەکەوە پێشان نەداوە.
 
وێڕای پێشینەدانان بۆ چوونە ئەمریکا، دیبرۆین بەتەواوی دەرگای بەڕووی خولی سعودیەدا دانەخستووە، پێشتر چەند جارێک باسی لەوە کردبوو کە بیرۆکەی چوونە سعودیە رەتناکاتەوە، چونکە پارەیەکی زۆر بە یاریزانان دەدات.
 
دیبرۆین پێشتر گوتبووی، "دەبێ بەسەر هەموو بیرۆکەکاندا کراوەبین، ئێمە باسی پارەیەکی خەیاڵی دەکەین لە کۆتایی کاروانی وەرزشیدا، هەندێکجار پارە دەبێتە پێشینەی بیرکردنەوەمان".
 
کیڤن دیبرۆینی 33 ساڵ، لە ساڵی 2015ەوە لە مانچێستەر سیتی یارییدەکات، لەگەڵ یانەکەدا شەش نازناوی پرێمەرلیگ و نازناوێکی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە