رووداو دیجیتاڵ
بینی زاهاڤی، بەڕێوەبەری کارەکانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا ئاشکرایکردووە، لیڤا و لاپۆرتا لەسەر بەردەوامبوونی ئەو هێرشبەرە لە یانەکە هاوڕابوون، بەڵام فلیک و دیکۆ نەیاندەویست لیڤا بمێنێتەوە.
زاهاڤی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی 'سپۆرت'ی ئیسپانیدا ئاشکرایکردووە، لاپۆرتا زۆر حەزی بەبەردەوامبوونی لیڤا بوو بۆ وەرزێکی دیکە، بەڵام نەیتوانی ئەو حەزەی جێبەجێ بکات.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هاوینی ئەمساڵ پاش تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، روویکردە یانەی شیکاگۆ فایەری ئەمریکی.
بەڕێوەبەرەکەی لیڤا ئاشکرایکردووە کە ئەو یاریزانە، دەستەوارەیەکی گەورەی یانەکانی سعودیەشی لەپێناو بارسێلۆنادا رەتکردووەتەوە.
لەبارەی دوایین رۆژەکانی لیڤا لە بارسا، زاهاڤی دەڵێ، "هەمووان دەزانن کە لاپۆرتا عاشقی لیڤاندۆڤسکی بوو، دەیویست لانیکەم ساڵێکی دیکە لە یانەکە بمێنێتەوە، مانگی دوانزەی ساڵی رابردوو لەبارەی لیڤاوە قسەمانکرد و ئەو گوتی، دەمەوێت رۆبێرت لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە".
روونیکردووەتەوە، هەڵوێستەکەی لاپۆرتا، هاوهەڵوێستی دەستەی راهێنەرانی یانەکە و بەڕێوەبەری وەرزشی نەبوو، هەربۆیە لاپۆرتا دۆخەکەی قبووڵکرد و نەیویست دەستبخانە ناو ئیشی هانزی فلیک و دیکۆوە.
نوێنەری ئەو یاریزانە دەڵێ، "هانزی و دیکۆ بڕیار لە پێکهاتەی تیپەکە دەدەن، نەیاندەتوانی شوێنێک بۆ رۆبێرت لە تیپەکەدا بدۆزنەوە، ئەوەش گرنگترین شت بوو، تەنانەت لە پارەش گرنگتر بوو".
زاهاڤی هەروەها دەڵێ، "لیڤا هەموو کات یارییکردنی دەوێت و دەیەوێت سەرەکی بێت، بەڵام دیکۆ و هانزی بۆچوونێکی دیکەیان هەبوو، لەبەرئەوە لە ساتێکی دیاریکراودا، ئیدی بڕیارماندا بیر لە ئەگەرەکانی دیکە بکەینەووە".
بەڕێوەبەرەکە دەڵێ، "لاپۆرتا پێیگوتم، بە رۆبێرت بڵێ، ئێمە ئەومان خۆشدەوێت، ئەو بەشێکە لە مێژووی ئێمە، رۆبێرت ئەو پیاوەبوو کە بارسێلۆنای رزگارکرد، تێدەگەی؟ ئەو بارسێلۆنای رزگار کرد".
زاهاڤی لە بەشێکی دیکەی هەمان چاوپێکەوتندا دەڵێ، بەر لە چەند مانگ، رۆبێرت دەیتوانی لە بارسا بڕوات، لە مانگی یەکدا دەستەوارەیەکمان لە سعودیەوە پێگەیشت بۆ ماوەی دوو وەرز و بەرامبەر هەر وەرزێک، ئامادەبوون 100 ملیۆن یۆرۆ بدەنە لیڤا، بەڵام ئەو گوتی، پێشینەی من یانەی بارسێلۆنایە.
زاهاڤی دەڵێ، بەڵام دواتر یانەکانی سعودیە سیاسەتی خۆیان لە بازاڕی گواستنەوەدا گۆڕی و چیدی ئامادەنەبوون ئەو پارەیە بدەن، بۆیە ئاراستەی کۆی کارەکە گۆڕا.




