رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی برادلی بارکۆلا، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە بنبەست، دوای ئەوەی یاریزانەکە رەتیکردەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ بکاتەوە. لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەکە هەمان رێگای کیلیان ئێمباپێی بەرامبەر گرتووەتە بەر و هەڕەشەی دوورخستنەوەی لێدەکات ئەگەر بڕیارەکەی نەگۆڕێت.
بارکۆلای تەمەن 23 ساڵان، بە بەرپرسانی یانەکەی راگەیاندووە، ئامادە نییە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028ـە نوێ بکاتەوە. ئەم بڕیارە لویس ئێنریکێ، راهێنەری تیپەکەی تووڕە کردووە و بە راشکاوی بە یاریزانەکەی گوتووە، ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی، لە پێکهاتەکە دوور دەخرێتەوە و هەلی یاریکردنی پێنادرێت.
یانە پاریسییەکە نرخی بارکۆلای بە 170 ملیۆن یۆرۆ دیاریکردووە. یانەکانی ئارسیناڵ و لیڤەرپوول لە پرێمەرلیگ بە تووندی چاودێری دۆخەکە دەکەن. لیڤەرپوول شوێنی دڵخوازی یاریزانەکەیە، بەڵام نرخە بەرزەکەی پاریس بووەتە رێگر لەبەردەم دەستپێکردنی گفتوگۆ فەرمییەکان. بارکۆلا لە ماوەی سێ وەرزدا لەگەڵ پاریس سان جێرمان، لە 152 یارییدا 39 گۆڵی هەیە لەگەڵ 37 ئەسیست.
پاریس سانجێرمان لەم هاوینەدا گۆڕانکاری زۆری لە پێکهاتەکەیدا کردووە، دوای ئەوەی گۆنزالۆ رامۆسی بە 74 ملیۆن یۆرۆ بە یانەی میلان فرۆشت و لی کانگ ئینیش بە 40 ملیۆن یۆرۆ رووی کردە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید.
ئێستا یانەکە لەبەردەم دوو بڕیاردایە؛ یان فرۆشتنی بارکۆلا بەو نرخەی خۆی دەیەوێت، یان هێشتنەوەی و سزادانی بە دانیشاندن لەسەر کورسیی یەدەگ.
لویس ئێنریکێ پێشتریش سەلماندوویەتی بەرژەوەندی تیپەکە، لەسەروو هەموو ئەستێرەکانەوە دەبینێت و رێگا نادات هیچ یاریزانێک گوشار بخاتە سەر یانەکە، هەروەک چۆن لە کێشەکەی ئێمباپێ و رۆیشتنی بۆ ریال مەدرید هەمان هەڵوێستی تووندی پێشاندا.




