رووداو دیجیتاڵ
فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، دەستنیشانکردنی زینەدین زیدانی ئەفسانەی وڵاتەکەی، بە راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو راگەیاند.
دیالۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "بەخێراییەکی زۆر، توانیمان بگەینە رێکەوتنێک، پاش هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، دڵخۆشدەبم بەوەی رایبگەیەنم زینەدین زیدان راهێنەری چوار ساڵی داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەبێت".
دیالۆ ئاشكرایکردووە، گرێبەستی راهێنەری نوێی فەرەنسا لە رۆژی یەکی مانگی هەشتەوە کارا دەبێت و زیزۆ کار لەسەر دەستنیشانکردنی یاریدەدەرەکانی و تیمەکەی دەکات.
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە، لە باسی زیداندا دەڵێ، "رێڕەوی کارەکە و سەرکردایەتی فەرەنسا دەدەینە دەست یەکێک لە مەزنترین ئەفسانەکانمان، ئەو وەک راهێنەرە گەورەیی و لێهاتوویی خۆی سەلماندووە، ئەمە سەرەتای سەردەمێکی نوێیە و ئێمە بەبەختین کە بارودۆخەکە رێگەماندەدات لەگەڵ ئەودا بەردەوام بین".
دیالۆ پەسنی کارکردنی دیدێ دیشامیشی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسادا، پاشئەوەی ئەو راهێنەرە لە دوای کۆتایی هاتنی مۆندیال، دەستی لە کارەکەی هەڵگرت و دووپاتیکردەوە ئەو توانی سەرنجەکان بهێنێتەوە سەر هەڵبژاردەکە و نازناوی گەورەی لەگەڵ بباتەوە.
زیدانی 54 ساڵان کە نازناوەکانی مۆندیال و یۆرۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەدەستهێناوە، لە مانگی نۆی ئەمساڵ، سەرپەرشتی یەکەم یاریی هەڵبژاردەکە دەکات، کە رووبەڕووبوونەوەی تورکیایە لە نەیشنسلیگ.
لای خۆیەوە زینەدین زیدان، لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی ناساندنی وەک راهێنەری نوێی فەرەنسا، ئاماژەی بەبەدیهاتنی خەونێکی لە مێژینەی خۆی کرد.
زیزۆ دووپاتیکردەوە لە دوای مەشقدانی ریال مەدریدەوە، چەندین دەستەوارەی بۆ مەشقدان پێگەیشتووە، بەڵام ئەو پێی باشبووە چاوەڕێی هەلی بوون بە راهێنەری فەرەنسا بکات.
راهێنەری فەرەنسا دووپاتیکردەوە هیچ شتێک لە مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ ئەو گەورەتر نییە، ئەو ئاشکرایکرد تاوەکو ئێستا لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ قسەی نەکردووە، بەڵام گوتی لە داهاتوودا گفتوگۆ دەکەین.




