به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ستیڤان شهعراویی یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ى ئیتاڵیا و یانه‌ی ئه‌ی سی میلان له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا زۆر به راشكاوانه باسی له‌وه كرد كه هۆكاری دابه‌زینی ئاستی شه‌عراوی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی بریتیه له‌و گرنگییه‌ی به ماریۆ بالۆتێلی ده‌درێت.
پێترۆ ڤێركوۆد، به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ستیڤان شه‌عراوی، له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵی گوتی "هاتنی ماریۆ بالۆتێلی بۆ ریزه‌كانی یانه‌ی ئه‌ی سی میلان، قه‌یرانێكی ده‌روونیی گه‌وره‌ی بۆ ستیڤان دروست كردووه‌و به‌و هۆیه‌وه ئێستا شه‌عراوی به بارێكی ده‌روونیی خراپ‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت".
ستیڤان شه‌عراوی، له سه‌ره‌تای وه‌رزی رابردوودا دوای فرۆشتنی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، به شێوه‌ی سه‌ره‌كی به‌شداری له یارییه‌كانی ئه‌ی سی میلان‌دا ده‌كرد و ئاستێكی ناوازه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرد و گرنگییه‌كی زۆری پێده‌درا، به‌ڵام دوای هاتنی بالۆتێلی له مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا بۆ یانه‌ی میلان، ئاستی شه‌عراوی به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی و بالۆتێلیش بووه یاریزانی یه‌كه‌م له یانه‌كه‌دا.
ڤێركوۆد به تۆتۆ سپۆرتی راگه‌یاند "یانه‌ی میلان ئه‌وه‌ی له یادكردووه كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌دا شه‌عراوی بۆ یانه‌كه‌ی كرد، شه‌عراوی خه‌می یانه‌كه‌ی له سه‌ر كۆڵی هه‌ڵگرتبوو و هه‌میشه باشترین ئاستی پێشكه‌ش ده‌كرد له كاتێكدا كه خودی یانه‌كه له هه‌ره‌سدا بوو، به‌ڵام شه‌عراوی هه‌ر به هیممه‌تێكی به‌رزه‌وه یاریده‌كرد".
هه‌روه‌ها گوتیشی "ئه‌و كاته‌ی بالۆتێلی هات، ئه‌ی سی میلان به‌هۆی هه‌وڵ و ئاستی ستیڤانهوه كه‌وتبووه‌وه سه‌ر پێ، به‌ڵام ده‌ستبه‌جێ هه‌مووان ستیڤانیان له یادكرد، ئه‌مه قه‌یرانه و شه‌عراوی مافى خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر له رووی ده‌روونییه‌وه باش نه‌بێت".
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه شه‌عراوى رازی بوو گرێبه‌سته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ میلان‌دا درێژبكاته‌وه‌و هه‌ر له ریزه‌كانیدا بمێنێته‌وه، له كاتێكدا كه چه‌ند گه‌وره یانه‌یه‌كى ئه‌وروپی ئاماده‌بوون گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا مۆربكه‌ن.


