رووداو - هەولێر
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا رکابەری هەردوو یانەی لیڤەرپوول و بایرن میونشن بکات، لەسەر گواستنەوەی هێرشبەرێکی بەتوانا.
رۆژنامەی لی 10 سپۆرتی فەرەنسی رایگەیاندووە، بارسێلۆنا ئامادەیە بۆ ئەوەی رکابەری ئەو دوو یانەیە بکات، بۆ ئەوەی تیمۆ ڤێرنەر، هێرشبەری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی بباتە ریزەکانی.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە، بارسێلۆنا پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری کارەکانی هێرشبەرە ئەڵمانییەکە کردووە، بۆ ئەوەی هەڵوێستی ئەو یاریزانە لەبارەی پەیوەندیکردن بە یانەکەوە بزانن.
یانەی بارسێلۆنا بەدوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جێگەی لویز سوارێز بگرێتەوە، بەتایبەت کە تەمەنی هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە بەرەو هەڵکشانە.
تیمۆ ڤێرنەر تەمەنی 24 ساڵە، ئێستا یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی ئەوروپایە، چەند یانەیەکی گەورەی ئەوروپا گرنگی بە یاریزانەکە دەدەن و دەیانەوێت بیبەنە ریزەکانیان.
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانەکەی پێیەوە بەستراوەتەوە و یورگن کڵۆپ، راهێنەری یانەکەش بە تواناکانی ڤێرنەر سەرسامە و دەیەوێت سوود لە تواناکانی وەربگرێت، بۆ بەهێزترکردنی هێلی پێشەوەی یانەکەی.




