رووداو دیجیتاڵ
ئێندریکی هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، چارەنووسی خۆی لەگەڵ یانەکەی یەکلایی کردەوە، پاش مشتومڕی زۆری میدیاکان، لەبارەی ویستی ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە، بە رۆیشتن لە یانەکەی، بەهۆی کەمیی یارییکردنەوە.
ئێندریکی 20 ساڵان، لە دوای بەشداریکردن لە یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەی بەرازیل بەرامبەر سەنگاپوور و تۆمارکردنی گۆڵێک، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە، کە پەیوەندییان بە کەم بەشدارییکردنیەوە لە یارییەکاندا هەیە.
ئێندریک لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی بۆ یانەیەکی دیکە، لەماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا دەڵێ، "دەمەوێت بۆ هەتا هەتایە لە ریال مەدرید بمێنمەوە، من هەموو کات بۆ هاوکاریکردنی یانەکەم ئامادەم".
ئەو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هۆکاری کەم بەشداریکردنیەوە لە یارییەکانی ریال مەدرید، دەڵێ، "ئەوە بڕیاری مۆرینیۆیە، وا نییە؟ بێگومان وایە، من هەموو کات ئامادەم بۆ هاوکاریکردنی ریال مەدرید کە گەورەترین یانەی جیهانە".
ئێندریک لە کاتێکدا دەست بەخەونی بەردەوامبوون لە ریال مەدرید دەگرێت، کە لە وەرزی ئەمساڵدا لە تەنیا 141 خولەکدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشدارییکردووە، پاشئەوەی لەسەرەتای وەرزدا دووچاری پێکانبوو.
ئێندریک کە زستانی رابردوو لە ریال مەدریدەوە بەشێوەی خواستن رووی لە لیۆنی فەرەنسی کرد، لە کۆتایی وەرزدا گەڕایەوە یانەکەی.
ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە یانە فەرەنسییەکە هەبوو، پاشئەوەی 8 گۆڵی تۆمارکرد و 7 ئەسیستی هەبوو لە کۆی 21 یارییدا و خولەکەکانی بەشداریکردنی 1663 خولەک بوون.
پێشتر سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردبوو، یانەی میلان دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات و ئامادەیە 60 ملیۆن یۆرۆ بداتە ریال مەدرید.
جیا لە میلان، ناوی ئێندریک بەیانەکانی وەک ئارسیناڵی ئینگلیزی و رۆمای ئیتاڵیشەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام دیارە ئەو یاریزانە لە مانەوە لە مەدرید سوورە، بەتایبەت کە جۆزێ مۆرینیۆ پێشتر چەند جارێک سەرسامیی خۆی بەتوانا و کاریگەرییەکانی ئەو یاریزانە ئاشکراکردووە.




