رووداو دیجیتاڵ
یونس مەحموود، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەڵێت "هیچ راهێنەرێکی ناوخۆ نابێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و راهێنەری داهاتووی تیپەکە لە دەرەوە دەبێت."
دوای کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتیی دۆستانەی بەسرە، یونس مەحموود، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی عێراقەوە گوتی "بەداخەوە میدیا و سۆشیاڵ میدیا بوونەتە جێگرەوەی یەکێتیی تۆپی پێ و هەر رۆژە شتێک بەناوی سەرچاوەیەکەوە بڵاودەکەنەوە و ناوی راهێنەری جیاواز دەهێنن کە دەبنە راهێنەری عێراق، بەڵام ئەوە راست نییە."
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەبارەی راهێنەری داهاتووی عێراقەوە دەڵێت "راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە بیانی دەبێت، پڕۆژەکەمان پشت بە راهێنەری بیانی دەبەستێت، بەتایبەت کە ئێمە 15 یاریزانمان هەیە لە ئەورووپا یاریی دەکەن و نامانەوێت لەسەر ئاراستەیەکی هەڵە هەنگاو بنێن، بۆیە دەمانەوێت راهێنەرێک بێت بتوانێت بەشێوەیەکی تەندروست سەرپەرشتی یاریزانەکان بکات."
یونس مەحموود، باس لە راهێنەرانی ناوخۆی عێراق دەکات و دەڵێت "لەگەڵ رێزم بۆ هەموو برایانی راهێنەر لە ناوخۆ، بەڵام راهێنەری داهاتووی عێراق ناوخۆیی نابێت و تاوەکو مانگی 9ـی ساڵی داهاتوو ئەنجامەکان دەبینن، ئێمە راهێنەرێکمان دەوێت بتوانێت بەشێوەیەکی دروست سەرپەرشتی یاریزانەکان بکات، جا ئارنۆڵد بێت یان هەر راهێنەرێکی دیکە."
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دووپاتیدەکاتەوە، گوشار دروستکردنی نا پێویست لەبارەی دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکەوە شتێکی دروست نییە، فیدراسیۆنەکە نایەوێت بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە بڕوات، وەک لە رابردوودا روویدا، دۆخێک کە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە"،
یونس مەحموود، هیوای خواست تیپێک بۆ هەڵبژاردەی عێراق دروستبکەن، تیپێکی یەکگرتوو بێت و یاریزانەکان بەیەکەوە هەست بە ئاسوودەیی بکەن و ببنە تەواوکەری یەکدی.
ئەم قسانەی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی دوورخستنەوەی گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەکە هەبوون و چارەنووسی ئەو راهێنەرە لەگەڵ عێراق دیارنییە.




